هەڵەبجە بێ‌ ئەنجوومەنی پارێزگا ماوەتەوە

:: PM:08:34:14/03/2019 ‌
دوای نزیكەی سێ ساڵ تا ئێستە‌ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە دیار نەكراوە و‌ سەرۆكی دیار كراوی فراكسیۆنی بزووتنەوەیش رای دەگەیەنێت، پۆستەكان بوونەتە هۆی پێك نەهێنانی ئەنجوومەنەكە.

نزیكەی سێ ساڵە هەڵەبجە خاوەنی پارێزگارە و لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ئێستە سێ پارێزگار ئاڵوگۆڕیان پێ كراوە، بەڵام هەڵەبجەی بەبێ‌ ئەنجوومەنی پارێزگا ماوەتەوە.

سەلام كەریم كاندید بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری پێك نەهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی ڕێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجەیە لەسەر ئەو پۆستانەی كە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دیاری كرابوو.

روونیشی كردەوە كە پێش زیاتر لە سێ ساڵ دواین كۆبوونەوە لە بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو بۆ كۆتای هێنان لەسەر ئەو بابەتەو رێككەوتن و دیاریكردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام پرسی پۆستەكان و بەركەوتە جارێكی تر بووە هۆی رێكنەوتنی لایەنەكان و لەو كاتەوە تا ئێستە هیچ كۆبوونەوە نەكراوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەپێی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی ساڵی  2014 دیار كرا و كورسی لایەنەكان بەمشێوەیە دیاری كراوە،  یەكێتی شەش كورسی و گۆڕان پێنج  كورسی و یەكگرتوو چوار كورسی و پارتی سێ‌ كورسی و كۆمەڵ سێ‌ كورسی و بزووتنەوەی ئیسلامی دوو كوررسی كاكەیەكان یەك  كورسی و هاوپەیمانی سۆسیالست و شیوعی یەك كورسی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم