حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی نه‌هێشت، وه‌زیری دارایی‌ش رای ده‌گه‌یه‌نێت كه پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێته‌وه. بۆیه دوای ئه‌م بڕیاره گرنگترین پرس گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزی پاشه‌كه‌وته، بۆ ئه‌مه‌ش فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌دا كێبه‌ركێ ده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق له شوباتی ساڵی 2014 بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی، حكوومه‌تی هه‌رێمی ناچار كرد به بڕیاری ژماره 64 له 3/2/2016 سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌ربكات و به‌هۆیه‌وه رێژه‌ی 15% بۆ 75% له مووچه‌ی مووچه‌خۆران كه‌م كرایه‌وه.
دواجار حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی برده سه‌ر كه ده‌یگوت هه‌ركات دۆخی ئابووری باش بێت، سیسته‌می پاشه‌كه‌وت هه‌ڵده‌گرن، له هه‌شتی ئاداردا حكوومه‌ت سیستمی پاشه‌كه‌وتی لابرد.
رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به"وشه"ی گوت، "كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه لای حكوومه‌ته، نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلاره، هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند بگه‌ین به رێككه‌وتن، ئه‌وا مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو به مووچه‌خۆران ده‌ده‌ینه‌وه".
له‌گه‌ڵ دانانی سیستمی پاشه‌كه‌وت، پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك مافی خۆیانه، راگیرا و هه‌موو فه‌رمانبه‌ران پله‌یه‌كیان فه‌وتا له‌ماوه‌ی پاشهكهوتدا.
به‌ڵام وه‌زیری دارایی كوردستان ئاشكرای كرد كه پله به‌رزكردنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی میلاكات ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی، ئێسته راپۆرتیان به‌رز كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر بده‌ن.
به‌پێ زانیارییه‌كان به‌رده‌ستی "وشه"، حكوومه‌ت له ساڵی 2015 مووچه‌ی مانگه‌كانی (9-10-11-12) مووچه‌خۆرانی به پاشه‌كه‌وتكراوی لایه كه بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی سێ ترلیۆن و 400 ملیار دیناره.
هه‌روه‌ها له مووچه‌ی ساڵی 2016 نیو مووچه‌ی 12 مانگ كه بڕه‌كه‌ی ده‌كاته نزیكه‌ی پێنج تریلیۆن و 100 ملیار دینار.
مووچه‌ی ساڵی 2017 به‌هه‌مانشێوه‌یه، نیو مووچه‌ی 12 مانگه كه بڕه‌كه‌ی ده‌كاته نزیكه‌ی پێنج ترلیۆن و 100 ملیار دینار.
ساڵی 2018 جیاواز له ساڵه‌كانی پێشوو، دۆخی دارایی حكوومه‌ت باشتر بوو به‌وه‌ی سێیه‌كی مووچه‌ی 12 مانگ كه بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی دوو تریلیۆن و 550 ملیار دینار بووه پاشه‌كه‌وت كراوه.
ئه‌مه كۆی پاشه‌كه‌وت كراوه، به‌مه‌ش مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو نزیكه‌ی 16 ترلیۆن و 150 ملیار دیناره، واته ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك به‌ر له سیستمی پاشه‌كه‌وت مانگانه یه‌ك ملیۆن دینار مووچه‌ی بووبێت، ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆی پاشه‌كه‌وت كراوه له‌و چوار ساڵه نزیكه‌ی 20 ملیۆن و 800 هه‌زار دیناره.
ئه‌رشه‌د ته‌ها پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، له رابردوودا حكوومه‌ت نه‌یتوانی سوود له‌و پاره‌یه وه‌ربگرێت كه له به‌رده‌ستی بوو، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینرێت دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت هه‌واڵی لابردنی پاشه‌كه‌وتی راگه‌یاند، هاووڵاتییان خه‌ریكه پاره‌كانیان ده‌خه‌نه‌وه بازاڕ، جموجووڵ دروست بووه، به‌ڵام ته‌نیا پێدانی مووچه‌ی ته‌واو به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ئابووری بگه‌ڕێته‌وه پێش ساڵانی ته‌نگژه، به‌ڵكو حكوومه‌تی داهاتوو پێویسته گرنگی ته‌واو به كه‌رته‌كانی تریش بدات، له‌وانه گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ.
ئه‌و پسپۆڕه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه پێویسته حكوومه‌ت پاره‌ی به‌ڵێنده‌رانیش بداته‌وه، چونكه بووژانه‌وه‌ی ئابووری پێوه‌سته به وه‌به‌رهێنان.
هه‌رێمی كوردستانیش ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵێنده‌ری هه‌یه، چاوه‌ڕێی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌كانیان. به‌پێی زانیارییه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه له هه‌فته‌ی داهاتوودا پاره‌ی به‌ڵێنده‌رانیش خه‌رج بكات تا وه‌به‌رهێنان له كوردستان ده‌ست پێ بكاته‌وه.
فراكسیۆنی پارتی ئێسته به‌دواداچوون ده‌كه‌ن كه حكوومه‌تی هه‌رێم چۆن ده‌توانێ ئه‌و پاره‌یه بداته‌وه، رێبوار بابكه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مان له فراكسیۆنی پارتی، به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌م پرسه دوو لایه‌نه، چونكه به‌شێكی پێوه‌سته به حكوومه‌ت، به‌شه‌كه‌ی تری پێوه‌ندیداره به په‌رله‌مان.
"بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولامان پڕۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه بكه‌ین تا مووچه‌خۆران سوودمه‌ند بن لێی و مووچه‌كانیان نه‌فه‌وتێت. چونكه مه‌به‌ستمان نییه هه‌ر پڕۆژه بهێنینه په‌رله‌مان و له‌سه‌ر حكوومه‌ت بیكه‌ینه ماڵ، ره‌نگه حكوومه‌ت ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت به‌و شێوازه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت بۆ دانه‌وه‌ی پاره‌ی پاشه‌كه‌وتكراو، له‌به‌رئه‌وه ده‌كرێت هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بكه‌ین به ره‌چاوكردنی ئه‌و داهاته‌ی له به‌رده‌سته، ئه‌وكات ئێمه پڕۆژه‌ی خۆمان گه‌ڵاڵه ده‌كه‌ین و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین" بابكه‌یی وای گوت.
شیركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانی كوردستان، به"وشه" گوت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هاته هه‌ڵبژاردن، فراكسیۆنی یه‌كگرتوو یه‌كه‌م فراكسیۆنه پڕۆژه‌ی پێشكه‌ش كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه دیاری بكرێت، به یاسا حكوومه‌ت ئه‌و پاره‌یه بداته‌وه مووچه‌خۆران. به‌شێوازی بڕینی پاره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی كاره‌با و ئاو و باج بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت پاره‌ی پاشه‌كه‌وتكراو بدرێته‌وه.
وشه/به‌دواداچوونی زریان ته‌ها