زیانی گه‌نده‌ڵی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق شه‌ش ملیار دۆلاره‌

سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی و وه‌رگرتنی به‌رتیل و هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی كاڵای خراپ له‌ به‌رانبه‌ر پاره‌دان به‌ كارمه‌ندان له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق، به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرت و زانیارییه‌كانیش ساڵانه‌ شه‌ش ملیار دۆلار زیان به‌ عێراق ده‌گات، به‌هۆی گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌.

زۆرینه‌ی ڕه‌های حزبه‌كانی عێراق هه‌میشه‌ چاویان له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین پاره‌ بخه‌نه‌ لاوه‌ بۆ خۆیان، بۆیه‌ كه‌سانی سه‌ر به‌خۆیان و ئه‌ندامانیان ده‌نێرنه‌ شوێنه‌ گرنگه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین داهاتیان بۆ كۆ بكه‌نه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ گرنگترین شوێنه‌كانیش بۆ دزینی پاره‌ و گه‌نده‌ڵی، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانن، كه‌ حزبه‌كان زۆر چاویان له‌سه‌ریه‌تی.

به‌رپرسێكی ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئاشكرای كرد، گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان وایكردووه‌، عێراق ساڵانه‌ شه‌ش ملیار دۆلار زیان بكات، به‌هۆی بوونی بازرگانی حزبی و به‌رپرسی حزبی له‌ ده‌روازه‌كان، زۆرجار بازرگانه‌كان كاڵای یه‌كجار زۆر ده‌هێننه‌ ناوه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام هیچ باج و گومرگێكیان لێ وه‌رناگیرێ، بازرگانه‌كان له‌ جیاتی باجی زۆر بده‌ن، بڕێك پاره‌ به‌ به‌رپرسه‌ حزبییه‌كان ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ ته‌واوی له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ قبووڵكراوه‌ و پێشوازی لێ ده‌كرێت.

به‌ گشتی ئێسته‌ عێراق 22 ده‌روازه‌ی وشكایی و ده‌ریایی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی، جیا له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان، له‌و ژماره‌یه‌ ده‌روازه‌یه‌ ته‌نیا حه‌وتیان به‌ ته‌واوی كار ده‌كه‌ن و كراوه‌ن، به‌شێكی تریان به‌هۆكاری ته‌ناهی و نه‌بوونی ڕێككه‌وتنی دوولایه‌نه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێشتر كراوه‌بوون، به‌ڵام ئێسته‌ داخراون و پێویستیان به‌ گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ تا بیكه‌نه‌وه‌.

 



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:01:30:15/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌