پۆگبا بڕیاری كۆتایی لەسەر مانچستەر یونایتد داوە

:: PM:02:35:15/03/2019 ‌

پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی فڕەنسی چارەنووسی خۆی لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلزی بۆ وەرزی داهاتوو یەكلایی كردۆتەوە.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: پۆگبا بە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتدی راگەیاندووە كە دەیەوێ لە یانەكەی بمێنێتەوە دوای ئەو كۆبوونەوەیەی لەگەڵ ئۆلێ جۆنار سۆڵشایەری راهێنەر كردووە.

 پۆگبا پێشتر رایگەیاندبوو كە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێدێڵێ بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ راهێنەری پێشووی یانەكە جۆزێ مۆرینۆ.

دوای دەركردنی مۆرینۆ و دامەزراندنی سۆڵشایەر تاڕادەیەكی زۆر ئەنجامی یارییەكانی یانەی مانچستەر یونایتد لە خولی نایابی ئینگلیزی باشتر بوون، هەروەها لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش گەیشتوونەتە قۆناغی 8، هەموو ئەمانە وای كرد بیروبۆچوونی پۆگبا لەسەر یانەكە بگۆڕێ.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە پۆگبا لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ سۆڵشایەر راستەوخۆ گوتوویەتی نایەوێ ریزی یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی داهاتوو جێبێڵێ.

لای خۆشیانەوە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتدیش جەختیان كردۆتەوە كە نایانەوێ ئەم ئەستێرە فڕەنسییە بفرۆشن و بەڵكو دەیانەوێ بۆ ماوەیەكی درێژ لە ریزی یانەكەیان بیهێڵنەوە.

جێی باسە پۆگبا لە ماوەی رابردوو لەلایەن چەندان گەورە یانەی ئەوروپا داواكاری گرێبەستكردنی پێگەیشتبوو لەسەرووی هەموویانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م