لەسەر پێوەندیی بەشێك لە بزووتنەوە بە حزبێكی تر ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:08:54:16/03/2019 ‌
گوتەبێژی هێڵی گۆڕانكارییەكانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستانی ئاشكرای دەكات لە هیچ شوێنێك داواكارییان نەبووە لە هیچ حزبێك كە پێوەندییان پێوە بكەن و هۆكاری بەشداری نەكردنیشیان لە كۆنفڕانس ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئادار، سەرباز خۆشناو گوتەبێژی هێڵی گۆڕانكارییەكانی ناو بووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،  دەنگۆ هەیە بەنهێنی لەگەڵ لایەنێكی سیاسی كۆبوونەوەمان كردووە و داوای پشتگیری مادی و مەعنەویمان كردووە، بۆیە شوورای بزووتنەوە ڕێیان نەداوە بەشداری كۆنفڕانسەكەیان بكەین، ئێمە لە شوورای بەڕێوەبردنی هێڵی گۆڕانكاری بزووتنەوە ئەم تۆمەتانە ڕەت دەكەینەوە و بە هەوڵێكی دەزانین بۆ چەواشەكاری و پەردەپۆشكردنی گەندەڵی و تەنگژەكانی ناو حزبەكە.

گوتەبێژی هێڵی گۆڕانكارییەكان گوتی، ئێمە خاوەنی پڕۆژەی خۆمانین و لە كار و هەڵوێستەكانماندا وابەستەی ئەوانە نین حزبەكەیان بەم ئاقارە خراپەدا بردووە، بۆ كۆبوونەوەش لەگەڵ هەر لایەنێكدا مۆڵەت لە كەس وەرناگرین، بەڵام داوای یارمەتیكردن لە لایەنەكان بێ بنەمایە و تا ئێستە لەسەر پێی خۆمان وەستاوین.

لەبارەی بەشداری نەكردن لە كۆنفڕانسی حزبەكەیان ئاشكرای كرد، ئێمە لە بەیاننامەی (10/ 3/ 2019)دا ڕامان گەیاندووە لە پێناو دەرفەت ڕەخساندن بۆ گفتوگۆ و بۆ چارەسەری كێشە و تەنگژەكان بەشداریمان لە كۆنفڕانسەكەدا ڕەت نەكردەوە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی كە بیروڕا و پڕۆژەی خۆمان تیایدا بخەینە ڕوو، بەڵام بڕیار بەدەستانی حزب ئەوەیان ڕەت كردەوە كە گوتەمان هەبێت و پڕۆژەی گۆڕانكاریی خۆمان بخەینە بەردەم ئەندامانی بزووتنەوە لە كۆنفڕانسەكەدا، ئێمەش ڕازی نەبووین بە بێ ئەوە بەشداری بكەین، ئەگەرنا لیژنەی ئامادەكاری كۆنفڕانس بانگهێشتی ئێمە هەموومانیان كرد كە بەشدار بین و كێشەیەكیان لە بەشداریمان نەبووە لە كۆنفڕانس بە بێ خستنە ڕووی پڕۆژەكەمان، بەڵام لەبەر قبووڵ نەكردنی ئەو مەرجە خۆمان بڕیارمان دا بەشداری نەكەین بە بێ ئەوەی داوای بایكۆت لە ئەندامان بكەین، زیاتر لە 160 كەس كۆنفڕانسەكەیان بایكۆت كرد و بەشدارییان تێدا نەكرد، ئیتر نازانین سەركەوتنی كۆنفڕانس لە چیدایە و چۆن سەركەوتوو بووە؟ ئەو ژمارە زۆرە بەشدارییان نەكردووە.

ئاماژەی دا، لە كۆنفڕانس دەست نەخراوەتە سەر مەسەلە گرنگ و قووڵەكان كە سەرچاوەی كێشە و تەنگژەكانی بزووتنەوەن، وەك مەسەلەی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەكانی حزب بە تایبەت لە لایەن كەسی یەكەم و نەبوونی موئەسەساتی و هۆكاری سەرەكی پاشەكشەی بزووتنەوە لە گۆڕەپانەكەدا، كەوابوو دۆخی بزووتنەوە وەك پێش كۆنفڕانسە و هیچ نەگۆڕاوە.

ئەو گوتانەی گوتەبێژی بووتنەوەی ئیسلامی لە كاتێكدایە پێشتر ئەو بەشە ناڕازیی بوونی خۆیان لە كارەكانی سەرۆكی حزبەكەیان ڕاگەیاندبوو و بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ كۆبوونەوەكان داوە تا حزبەكە گۆڕانكاری دەكات.



وشە - رامیار جەواد