وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات

:: AM:09:16:16/03/2019 ‌
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، له‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌ست به‌ سه‌ردانێكی بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ دۆسیه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ته‌ناهییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران تاوتوێ ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌، یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ 19ی ئه‌م مانگه‌ بۆ به‌یرووتی پایته‌ختی لبنان ده‌بێ، له‌وێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای لبنان تاوتوێ هه‌ڕه‌شه‌ سیاسی و ته‌ناهی و ئابوورییه‌كان ده‌كات كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام دووپات له‌ پشتیوانی واشنتن بۆ لبنان و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

دوای لبنان، بڕیاره‌ مایك پۆمپیۆ سه‌ردانی ئیسرائیل بكات و كێشه‌ هه‌رێمییه‌كان و ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه‌ تاوتوێ ده‌كات، به‌ تایبه‌ت چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوكات دووپات له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی ستراتجی و پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یش دا پۆمپیۆ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان ده‌كات، له‌باره‌ی پارێزراوی ئاسایش و وزه‌ له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست، كه‌ ئه‌مه‌یش پرۆژه‌یه‌كی ته‌واوی ستراتیجی نێوان هه‌رسێ وڵاته‌كه‌یه‌ و واشنتن به‌ ته‌واوی پشتیوانی ده‌كات.

دوا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یش وڵاتی وێت ده‌بێ و پۆمپیۆ له‌گه‌ل ئه‌میر و به‌رپرسانی كوێت كۆ ده‌بێته‌وه‌ و دۆخی یه‌مه‌ن و سووریا و یه‌كیه‌تی وڵاتانی ناو ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كان ده‌خرێنه‌ ڕوو.


وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌