بازاڕی كوردستان فه‌وزایه و وه‌زاره‌تی بازرگانی رۆڵ نابینێ
له هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیاكانی بواری بازرگانی كاتێك داده‌مه‌زرێنرێن، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێت و ناو و لۆگۆی كۆمپانیاكه‌یان تۆمار ده‌كه‌ن، دواتر به‌و ناو و هێمایه ده‌یخه‌نه بازاڕه‌كانه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك كۆمپانیا كه ناوبانگیان نییه، له‌پێناو خۆشكردنی بازاڕیان به ده‌مامكی ماركه و كۆمپانیا ناسراوه‌كان به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش سه‌ری له بازاڕ و كڕیار شێواندووه.
كوردستان كه بازاڕێكی به جموجووڵ و خۆشه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می بازرگانی به‌تایبه‌تی خۆراك، هه‌موو جۆره كاڵایه‌كی لێ ده‌فرۆشرێت، هه‌ندێك جۆر به‌رهه‌م هه‌ن ده‌یان ساڵه ناسراون و لۆگۆكانیان ناوبانگیان هه‌یه و هه‌ندێكی تریش كه تازه دامه‌زراون، ئه‌وا له رێی پشتبه‌ستن به رێكلام ده‌یانه‌وێت له‌و بازاڕه‌دا شوێنی خۆیان بكه‌نه‌وه.
هه‌ر به‌رهه‌مێك كه كوالێتییه‌كه‌ی به‌رزه، له‌ناو دڵی خه‌ڵك و سفره‌ی ماڵان جێی خۆی ده‌كاته‌وه، لۆگۆ و ناوه‌كه‌یشی رۆژ به رۆژ زیاتر ده‌ناسرێت و داخوازی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه زیاتر ده‌بێت.
له به‌دواداچوونی "وشه"دا بۆ كۆمه‌ڵیك ماركێت و كۆگا له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنرێت كه جۆرێك له پاشاگه‌ردانی له بازاڕه‌كانی كوردستان ده‌بینرێت و له ماركێته‌كان ده‌یان به‌رهه‌م خراونه‌ته‌ڕوو كه سوودیان له لۆگۆی به‌رهه‌می تر وه‌رگرتووه، یان به‌رهه‌مه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك دیزاین كردووه كه له به‌رهه‌مێكی به‌ناوبانگتر و ناسراوتر بچێت و له‌م رێیه‌وه بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانیان گه‌رم كردووه.
بۆ نموونه ئه‌سپێك كێشه‌ی خستووه‌ته نێوان دوو كۆمپانیا و كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی یه‌كێك له كۆمپانیاكان كه به ناوی ئه‌سپی ره‌ش، برنج و به‌رهه‌می تر ده‌خاته بازاڕه‌وه له دژی كۆمپانیایه‌كی تر كه به كۆمپانیای ئازاد رایس ناسراوه و لۆگۆی ئه‌سپ له به‌رهه‌مه‌كانیدا به‌كار دێنێت، سكاڵا تۆمار بكات.
حاجی ئه‌رده‌وان كه نوێنه‌ری كۆمپانیای كۆماسانه و به‌رهه‌می ئه‌سپی ره‌ش ده‌خاته بازاڕه‌وه، بۆ "وشه" گله‌ییه‌كانی خۆی خسته‌ڕوو و گوتی، "ده‌مێكه به ناوی ئه‌سپی ره‌ش رێكلام ده‌كه‌ین و له‌ناو دڵی خه‌ڵكدا جێ‌مان كردووه‌ته‌وه، كه‌چی كۆمپانیای ئازاد رایس هاتووه هه‌مان ئه‌سپ به كار دێنێت و به‌هۆیه‌وه بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی خۆش كردووه و هی ئێمه‌ی لاواز كردووه."
ئه‌و گوتی، هه‌ر به ناوی ئه‌سپی ره‌ش و لۆگۆی ئه‌سپێكی ره‌ش، ناو و هێمای بازرگانییان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی هێما بازرگانییه‌كان له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی تۆمار كردووه و مافی خۆیانه به‌و ناو و هێمایه شت بفرۆشن و رێ نه‌ده‌ن كۆمپانیای تر هێماكه‌یان به‌كار بهێنێت.
پێویسته بگوترێ كۆمپانیای ئازاد رایس له ساڵی 2015 له كاتی تۆماركردن هێمای ئه‌سپێكی به‌كار هێناوه، به‌ڵام ره‌نگه‌كه‌ی ره‌ش نییه.
به‌گوته‌ی حاجی ئه‌رده‌وان، راسته كۆمپانیای ئازاد رایس لۆگۆی ئه‌سپیان تۆمار كردووه، به‌ڵام ئه‌سپه‌كه زۆر جیاوازه و له تۆماركردنه‌كه ره‌نگی سپییه، كه‌چی دواتر هاتووه ده‌ستكاری ئه‌سپه‌كه‌ی كردووه و ره‌نگه‌كه‌ی تۆخ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له خه‌ڵك بشێوێنێت.
ئه‌و هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی نیشان دا كه كۆمپانیای ئازاد رایس به هێمای ئه‌سپێكی ره‌ش به‌رهه‌می خۆی ساغ كردووه‌ته‌وه.
"وشه" بۆ ئه‌وه‌ی بێلایه‌نی خۆی له‌م كێشه‌یه‌دا بپارێزێت، له‌گه‌ڵ خاوه‌نی كۆمپانیای ئازاد رایس قسه‌ی كرد كه بازرگانێكه به ناوی ئازاد. ئه‌و باسی له‌وه كرد كه ئه‌وان له ساڵی 2015 كاتێك كۆمپانیاكه‌یان تۆمار كردووه، لۆگۆی ئه‌سپیشیان بۆی داناوه، له كاتێكدا ساڵێك دواتر و له ساڵی 2016 كۆمپانیایه‌كی تر به ناوی ئه‌سپی ره‌ش داده‌مه‌زرێت و ئه‌سپێكی ره‌شیش ده‌كاته لۆگۆی خۆی.
ئازاد ده‌ڵێ "ئێمه ئه‌وكات ده‌نگمان نه‌كرد و به‌لامانه‌وه ئاسایی بوو، كه‌چی ئێسته ئه‌وان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه و پێیان وایه ئێمه به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وانمان كۆپی كردووه."
وه‌ك كۆمپانیای ئازاد رایس پێداگری له‌سه‌ر كرد، ئه‌سپ تایبه‌ت به كۆمپانیایه‌ك نییه و كۆمپانیای تریش ده‌توانێ به‌كاری بهێنێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ناوه‌كان له یه‌كتر جیاواز بن، ئه‌وانیش به‌كارهێنانی ئه‌سپه‌كه به مافی خۆیان ده‌زانن و بۆ تۆماركردنیشی جگه له به‌ڵگه‌نامه، شایه‌تیشیان هه‌یه.
به‌ڵام له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا ده‌ركه‌وت، ئه‌و ئه‌سپه‌ی له 2015 تۆمار كراوه، ره‌نگی ره‌ش نییه و حاجی ئه‌رده‌وان له‌وه ناڕازییه كه بۆچی رێك له‌و كاته‌دا كه ئه‌سپی ره‌ش له بازاڕ ده‌ناسرێت و خه‌ڵك داوای ده‌كات، كۆمپانیای ئازاد رایس ئه‌سپه‌كه به‌كار دێنێت و ته‌نانه‌ت ده‌ستكاری ره‌نگه‌كه‌ش ده‌كات و به ره‌نگی ره‌ش ده‌یخاته بازاڕ، له كاتێكدا ره‌نگی ئه‌سپه‌كه یه‌كه‌م جار سپییه و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بازاڕی ئه‌سپی ره‌شیش داگیر بكات.
ئه‌و ره‌تی ده‌كاته‌وه كۆمپانیای ئازاد رایس پێش ئه‌وان لۆگۆی ئه‌سپی تۆمار كردبێت، دووپاتی كرده‌وه "له 2005ه‌وه به‌رهه‌ممان له بازاڕه كه به هێمای ئه‌سپی ره‌ش ده‌فرۆشرێت، یه‌كه‌م جاریش له ساڵی 2010 تۆمارمان كرد".
حاجی ئه‌رده‌وان پێی ئاساییه كۆمپانیای ئازاد رایس پێشتر به چ هێمایه‌ك به‌رهه‌مه‌كه‌ی تۆمار كردووه با به هه‌مان هێما به‌رهه‌مه‌كه‌ی بفرۆشێت، نه‌ك دوای سكاڵاكه ته‌نانه‌ت شین و مۆره‌كه‌یش بۆ ره‌نگی ره‌ش بگۆڕێت و له بازاڕ به‌رهه‌مه‌كانی ساغ بكاته‌وه.
بۆ تێڕوانینی بازاڕ له‌سه‌ر ئه‌م دوو كۆمپانیایه، له زیاتر له سێ ماركێت داوای برنجی ئه‌سپی ره‌شمان كرد، به‌ڵام خاوه‌ن ماركێته‌كان گوتیان ئه‌سپی ره‌شه ناسراوه‌كه هی ئه‌و كۆمپانیایه‌یه كه هه‌ر به ناوی ئه‌سپی ره‌ش ده‌یفرۆشێت، به‌ڵام ئه‌و ئه‌سپه‌ی كۆمپانیای ئازاد رایس له‌سه‌ر به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی داوه، جیاوازه له ئه‌سپه‌كه‌ی تر.
محه‌مه‌د هیمداد كه ماركێتێكی له هه‌ولێر هه‌یه، بۆ "وشه" گوتی، كۆمپانیای ئازاد رایس خۆی كۆمپانیایه‌كی ناسراوه و خه‌ڵك ده‌یناسێت، بۆیه سه‌یربوو به لامه‌وه كاتێك بینیم ئه‌ویش ئه‌سپی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی به‌كار هێناوه.
محه‌مه‌د ئاشكرای كرد "كڕیاران هه‌ندێك جار كه خۆیان شته‌كه هه‌ڵده‌بژێرن هه‌ڵه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوای ئه‌سپی ره‌ش بكه‌ن، ئه‌وا له ئه‌سپه ره‌شه‌كه‌یان ده‌ده‌ینێ نه‌ك ئه‌وه‌ی ئازاد رایس".
به بۆچوونی حاجی ئه‌رده‌وان، هه‌ندێك له خاوه‌ن ماركێته‌كان ویژدانیان هه‌یه و ئه‌مه لێك ده‌كه‌نه‌وه، له كاتێكدا زۆرن ئه‌و ماركێتانه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ئازاد رایس به ناوی ئه‌سپی ره‌ش ده‌فرۆشن. ئه‌و ده‌ڵێ "خۆم سه‌ردانی ماركێتێكم كردووه و داوای ئه‌سپی ره‌شم كردووه، كه‌چی ئه‌وه‌ی ئازاد رایسیان پێ داوم" حاجی بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانی پسوله‌ی كڕینی ماركێته‌كانی لای خۆی پاراستووه و خسیه ڕوو بۆ "وشه".
هیمداد نه‌بی خاوه‌ن ماركێتێكی تر له هه‌ولێر كه به‌رهه‌می زۆر له كۆمپانیاكانی خستووه‌ته ڕوو، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه خۆیان ده‌زانن كامه به‌رهه‌م ئۆرجیناڵه‌كه‌یه و كامه‌یان ته‌قلیده، هاووڵاتی حه‌زی خۆیه‌تی چی ده‌كڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیار بكات ئه‌وا ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی به‌شداره له فرۆشتنی به‌رهه‌مێك كه هاوشێوه‌كه‌ی له بازاڕ هه‌یه، گوتی "كاتێك كۆمپانیایه‌ك به فه‌رمی مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه و حكوومه‌ت و یاسا رێی پێ داوه به‌رهه‌مێك بخاته بازاڕه‌وه، ئه‌و ناتوانێت رێگریی لێ بكات".
له به‌رانبه‌ردا دكتۆر عه‌بدولڕه‌زاق ناوه‌نده‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه یاسای تایبه‌تی رێپێدانی هێما بازرگانییه‌كان له وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌یه و به‌گوێره‌ی ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی له یاساكه‌دا هاتووه، بازرگانان ده‌توانن ناو و لۆگۆ بۆ خۆیان تۆمار بكه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵی "میكانیزمه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه كه كۆمپانیا به‌هه‌ر ناو و لۆگۆیه‌ك له وه‌زاره‌ت ناوی خۆی تۆمار كردبوو، ئه‌وا ده‌بێ به هه‌مان ناو و هێما به‌رهه‌مه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو و كاری بازرگانی بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ر كۆمپانیایه‌ك هه‌ستی كرد لۆگۆكه‌ی ئه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی تر به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌وا بۆی هه‌یه سكاڵا له دژی كۆمپانیاكه تۆمار بكات".
دكتۆر عه‌بدولڕه‌زاق ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه له وه‌زاره‌ته‌كه‌یان لیژنه‌ی پسپۆڕ و شاره‌زا بۆ پێدانی لۆگۆ هه‌ن و رێ ناده‌ن هیچ كۆمپانیایه‌ك هاوشێوه‌ی كۆمپانیایه‌كی تر ناو یان لۆگۆ هه‌ڵبژێرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێما و لۆگۆیه‌كیش نزیك به لۆگۆیه‌كی تر داوا بكرێت و لیژنه‌كه هه‌ست به‌وه بكه‌ن فێڵێك له پشته‌وه‌ی ئه‌م كاره‌یه، ئه‌وا داواكارییه‌كه‌ی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
به‌گوته‌ی ئه‌م به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی، پێدانی لۆگۆ به چه‌ند قۆناغێكی تردا تێده‌په‌ڕێت و دوای ره‌زامه‌ندی لیژنه‌ی پێوه‌ندیدار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و دواجار وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی، ئه‌وا ناو و لۆگۆكه به فه‌رمی له ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌ت بڵاو ده‌كرێته‌وه، داوا له بازرگانان و هاووڵاتییان ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌و لۆگۆیه هه‌یه، تا 90 رۆژ ناڕه‌زایی خۆی ده‌رببڕێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زانرا له لۆگۆكه‌ی نزیكه، ئه‌وا پێش به مۆڵه‌ته‌كه بگیرێت و هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ناو و هێمایه‌كی تر دابنرێت.
وه‌ك ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه خستیه ڕوو، جۆرێكی تری مۆڵه‌ت پێدان هه‌یه كه پێوه‌ندی به لۆگۆ و ماركه جیهانییه‌كانه‌وه هه‌یه و هاووڵاتی و بازرگان ناتوانن له‌خۆوه بۆ نموونه به ناوی كۆمپانیای تۆیۆتا مۆڵه‌ت و لۆگۆ هه‌ڵبژێرن، ده‌بێت كۆمپانیا خۆی داواكاری پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی بازرگانی بكات و ره‌زامه‌ندی پێشان بدات لۆگۆكه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی كوردستان به‌كار بهێنرێت.
به‌ڵام ئه‌و رێوشوێنه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی بارزگانی خستییه ڕوو، له بازاڕدا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه و ده‌یان لۆگۆ به وه‌رگێڕاوی یان نزیكییه‌كی زۆر كه هاووڵاتی هه‌ستی پێ ناكات له نێوان ئۆرجیناڵ و لاسایی، هاوكات كێشه‌كه‌ی كۆماسان و ئازادرایس، هه‌ن.
هاوكات له‌وكاته‌ی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان لاسایی یه‌كتر بكه‌نه‌وه له خستنه‌ڕووی به‌رهه‌م، ئه‌وا هه‌ندێكیان لاسایی ماركه جیهانییه‌كانیش ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر له‌م كوردستانه‌دا كارگه هه‌یه به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆی به شێوه‌ی به‌رهه‌می ماركه‌ی جیهانیی دیزاین ده‌كات و ده‌یخاته بازاڕه‌وه.
بۆ نموونه Nutella له خۆراكدا ماركه‌یه‌كی جیهانییه، به‌ڵام به‌رهه‌مێك له بازاڕه به‌ناوی manuella و هه‌رچه‌نده ناوه‌كان جیاوازن، به‌ڵام سپێڵی نووسینه‌كه له یه‌كتر نزیكن، بۆ نموونه كۆتایی هه‌ردووكیان ella یه، سه‌یر ئه‌وه‌یه شووشه‌كه‌یشی هاوشێوه دروست كراوه و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك دیزاین كراوه كه كڕیار له یه‌كتریان جیا ناكاته‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نه‌خوێنده‌وار بێت.
له یه‌كێك له ماركێته‌كان كه هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه له ته‌نیشت یه‌كتر دانرابوون، به‌رهه‌مه ماركه‌كه به سێ هه‌زار و 500 دینار خرابووه ڕوو، ئه‌وه‌ی كوردستانیش به هه‌زار و 500 دینار.
مووسا خالید كه خاوه‌ن ماركێته‌كه‌یه بۆ "وشه" گوتی، پێشتر هه‌ندێك هاووڵاتی كاتێكnutella یان ده‌كڕی و پێمان ده‌گوتن به سێ هه‌زار و 500 دیناره، یه‌كسه‌ر ده‌یانگوت گرانه و له شوێنی تر به هه‌زار و 500 دینارمان كڕیوه، ئێمه‌ش به‌ناچاری به‌رهه‌مه‌كه‌ی تریشمان هێنا بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێین جیاوازی هه‌یه و ده‌توانن له به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كه‌ش بكڕن.
ئه‌و گوتی "زۆر به‌رهه‌م هه‌ن ماركه‌ن و بازرگان ده‌چێت به هه‌مان ناو و دیزاین له چین كۆپی ده‌كات و ده‌یهێنێته كوردستان و ده‌یفرۆشێت. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر كوالێتی كۆنترۆڵ و چاودێری هه‌یه، ئه‌ی ئه‌و هه‌مووه به‌رهه‌مه كۆپیكراوه له بازاڕ چی ده‌كات؟.
ئه‌مه‌ی باس كرا مشتێكه له خه‌لوارێك كه سه‌رپێچی بازرگانی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كڕیار له بازاڕه‌كانی كوردستان، كه‌س نییه ئاوڕیان لێ بداته‌وه.
*خاوەنی لۆگۆی ئه‌سپی ره‌ش: ئازاد رایس لۆگۆكه‌مان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار دێنێ.
*ئازاد رایس: له ساڵی 2015 پێش ئه‌وان لۆگۆی ئه‌سپمان تۆمار كردووه.