35 دیپلۆماتکاری رووسیا ئەمەریکایان بەجێ هێشت

:: AM:11:17:02/01/2017 ‌
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، 35 دیپلۆماتکاری رووسیا کە لەلایەن کابینەی ئۆباما لە ئەمەریکا دەرکرابوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت ئەو وڵاتەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ.

ئەمڕۆ دووشەم یەکی کانوونی دووەم/یەنایەر، ماڵپەڕی BBC فارسی ئاشکرای کرد، ئەو دیپلۆماتکارانە بە بڕیاری باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لەو وڵاتە دەرکراون. ئۆباما و کۆشکی سپی پاساویان بۆ تێکدانی پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسی واشنتن و مۆسکۆ هاککردنی ئیمێڵەکانی هیلاری کلینتن و دەستوەردانە لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، بەڵام مۆسکۆ دەستبەجێ هەردوو تۆمەتەکەی رەت کردەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم دیپلۆماتکارەکانی رووسیا و خێزانەکانیان بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕاونەتەوە بۆ مۆسکۆ.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی لەوبارەوە پیشان بدات رای گەیاند، مۆسکۆ نایەوێ تێکەڵ بە ململانێیەکی ناسیاسی و نا بەرپرسیارانە بێت، بەباشی دەزانێت بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ  واشنتن، دان بەخۆیدا بگرێت تا ئەوکاتەی ترەمپ دەسەڵاتی وڵاتەکەی دەگرێتە دەستەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سەری ساڵی 2017، ئەو بریارەی سەرۆک کۆماری رووسیای پەسند کرد و بە کارێکی "ژیرانە" ناوی برد.

دووپاتی کردەوە، لە سەرەتاوە گومانم لەو راپۆرتانە بوو کە لەلایەن دەزگەی هەواڵگری و کۆشکی سپییەوە دەخرانە روو بۆ تاوانبارکردنی رووسیا و کۆمەڵێک بابەت هەیە کە من ئاگادارم و خەڵک ئاگایان لێی نییە.

ترەمپ بڕیاری داوە لە رۆژی چوارشەمی ئەم هەفتەیە، کۆمەڵێک زانیاری لەوبارەوە دەخاتە روو و ئاماژەی بەوەیش دا، "من باش تێدەگەم هاککردن چییە و دەزانم زۆر قورسە لەوە تێبگەیت کێ لە پشت ئەو هاککردنانەیە".

دووپاتی کردەوە، لەو سەردەمەدا ناکرێ متمانە بە کۆمپیوتەر بکەیت و ئەگەر نامەیەکی گرنگت هەبوو، دەبێ لەسەر کاغەزێک بینووسی و وەک رۆژگاری پێشوو بە قاسیدێکی متمانەپێکراودا بیگەیەنیت.

سەرچاوە/ BBC


وشە - هیدایه‌ت جان