لە گەڕەكێكی هەولێر نۆ دووكانی گۆشتفرۆشی داخران

:: AM:09:03:17/03/2019 ‌
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە بازاڕی گەڕەكی فەرمانبەران بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لە بەردەم دووكانەكانیان نۆ گۆشتفرۆش داخران كە سەرپێچی ڕێنوێنییەكانە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئادار، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە گەڕەکی فەرمانبەران نۆ دووكانی گۆشتفرۆشی داخراون بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لە بەردەم دووكانەكانیان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەپێی ڕێنوێنییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و چاودێری تەندروستی هەر ئاژەڵێك سەرببڕێت، دەبێ لە سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر بێت، پێش سەربڕین و دوای سەربڕین لەلایەن پزیشكی ڤێتێرنەرییەوە پشكنینی بۆ دەكرێت ، ئەمەش لەپێناو دڵنیابوون لە تەندروستی ئەو گۆشتەی هاووڵاتییان دەیكڕن.

قایمقامی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، هەرشوێنێك پابەند نەبێ بە مەرج و ڕێنوێنییەكان، جگە لە داخستنی شوێنەكانیان ڕێكاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەكانیان دەگیرێت ، دواتر سزای پێبژاردن لە ملیۆنێك دینار تا پێنج ملیۆن دەست پێ دەكات، ئەمە بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە كە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر كراوە.

داخستنی ئەو دووكانانە لە كاتێكدایە دوو ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی "وشە" هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەو شوێنانە و لەسەر شەقامەكان ئاژەڵ سەر دەبڕن و گۆشتەكەش لەسەر شەقام هەڵدەواسن.







وشە - رامیار جەواد