مەکین: ئەمەریکا بەڕووی پوتین دەوەستێتەوە

:: AM:11:47:02/01/2017 ‌
سیناتۆرێکی ئەمەریکی لە پارتی کۆمارییەکان ئاشکرای کرد، پێویستە وڵاتەکەی هەڵوێستی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین بنوێنێ و داوایشی کرد سزای توند بەسەر مۆسکۆ بسەپێنرێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا ناتوانێ پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا باش بکاتەوە تەنیا بە سەپاندنی سزا و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە نەبێت.

جۆن مەکین ماوەیەکە سەردانی وڵاتانی قەوقاز و دەوروبەری دەریای ڕەش دەکات و پێشتر لە ئۆکرانیا بوو و ئێستەش لە جۆرجیایە، ئەو سەردانەی بە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی ئەو وڵاتانەیە لە پشتیوانی ئەمەریکا و سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا.

مەکین لە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، هاوڕێکانمان بە هێز دەپارێزین و سزای زیاتر و بەهێزیش بەسەر ڕووسیا دەسەپێنین بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئەمەریکا.

هەروەها گوتی، ئەگەر بمانەوێ پێوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا باش بێ، ناکرێ بەرەو ڕووی پوتین نەوەستینەوە، چونکە بەو شێوەیە ئەو بەردەوام دەبێ لە کردە دوژمنکارییەکانی، بۆیە پێویستە بە ڕووی پوتین بوەستینەوە.

پێنجشەمی ڕابردوو باراک ئۆباما فەرمانی دەرکردنی 35 دیپلۆماتکاری ڕووسیای ڕاگەیاند و ئەمڕۆ دووشەمیش ئەو دیپلۆماتکارانە بەرەو مۆسکۆ گەڕانەوە، هاوکات ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا تاوتوێی سەپاندنی سزای قورس بەسەر ڕووسیا دەکات، بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو وڵاتە لە میانەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ سکای نیوز


وشە - باز ئه‌حمه‌د