زێدان: لە یارییەكانی داهاتووی ریال مەدرید گۆڕانكاری لە پێكهاتەی یاریزانان دەكەین

:: AM:10:17:17/03/2019 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای سەركەوتنەكەی دوێنێ شەمووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سیلتا فیگۆ، ئاشكرای كرد كە وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری گەورە لە پێكهاتەی یانەكەی روو دەدات.

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ لە یانەی سێلتا فیگۆی بردەوە، ئەم یارییەش یەكەم یاریی زێدان بوو دوای گەڕانەوەی بۆ ئەركی راهێنەرایەتی یانەی شاهانە.

دوای یارییەكە زێدان بۆ دەزگانی راگەیاندن رایگەیاند: لە یارییەكەدا ئاستێكی باشمان پێشكەش كرد، تیپی بەرامبەریش ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و هەلی تۆماركردنی گۆڵی هەبوو، بەڵام ئێمە بەهۆی بەهۆی بڕوا بەخۆبوونمان توانیمان سەركەوتن بەدەستبێنین و 3 خاڵی تەواوی یارییەكە بەدەستبێنین.

زیاتر گوتی: لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا پاڵەپەستۆمان خرابووە سەر، ئەمەش شتێكی ئاساییە و دواجار بە پاڵپشتی هاندەران توانیمان لە گێمی دووەمدا بگەڕێینەوە و سەركەوتن بەدەستبێنین.

زێدان راشی گەیاند كە ئێستا بەرەو ماڵەوە دەچێت دڵی خۆشە و هیواشی خواست لە یارییەكانی داهاتوودا بگەڕێنەوە سەر رێی راست و بێگومان لەمەشدا دەبێت هاندەران یارمەتیدەریان بن.

لەبارەی پلانی یارییەكانی داهاتووی یانەی ریال مەدرید زێدان رایگەیاند كە پشت بە سەرجەم یاریزانەكانی تیپەكەی دەبەستێت بەتایبەتیش لە گۆڵپارێز.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید رایگەیاند كە لە یارییەكەی شەوی رابردوودا لە هێڵی گۆڵ یاریی بە كایلۆر ناڤاس كرد، بێگومان لە یارییەكانی داهاتووشدا پشت بە كوڕەكەی لوكا زێدانیش دەبەستێ.

ئەنجامی یارییەكانی تری دوێنێ شەمووی خولی ئیسپانیا بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

هویسكا 1-3 دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس

ئەتلەتیك بیلباو 2-0 ئەتلەتیكۆ مەدرید

لیگانیس 0-2 گیڕۆنا

بەهۆی ئەم سەركەوتنەوە یانەی ریال مەدرید ژمارەی خاڵەكانی بوون بە 54 خاڵ و هەر لە پلەی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەهۆی شكستەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو ژمارەی خاڵەكانی لە 56 راوەستا و لە ریزبەندی دووەمی یانەكان مایەوە، یانەی بەرشەلۆنەش كە ئەمڕۆ یەكشەم یاریی بەرامبەر یانەی ریال بیتیس هەیە، بە 63 خاڵ هەر لە پێشەنگی یانەكانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م