بەرشەلۆنە دووبارە چاوی بڕیوەتەوە گریزمان

:: AM:10:56:17/03/2019 ‌

ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دووبارە لەلایەن یانەی بەرشەلۆنەوە گرینگی پێ دەدرێتەوە بە مەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵیدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

گریزمان بەر لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بڕیاریدا لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بمێنێتەوە و گرێبەستێكی نوێی تا ساڵی 2023 لەگەڵ ئەو یانەیە ئیمزا كرد، هەرچەندە ماوەیەكی زۆر بوو پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە هەبوو.

گریزمان بەم دواییە بیرۆكەی لەسەر مانەوەی لە ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید گۆڕاوە دوای ئەوەی یانەكە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە ركابەرییەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرایە دەرەوە و بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی دۆڕا.

رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد كە دووبارە یانەی بەرشەلۆنە چاوی بڕیوەتەوە گرێبەستكردن لەگەڵ گریزمان.

ئەوەی كێشەیە لەبەردەم یانەی بەرەشلۆنە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ گریزمان مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیەتی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كە بە 200 ملیۆن یۆرۆ دیاریكراوە.

یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ سەرەتا قسە لەگەڵ گریزمان بكات بۆ ئەوەی رازی بكات و ئامادەیشی پێشانداوە مووچەیەكی زەبەلاحی پێ بدات كە ساڵانە 16 ملیۆن یۆرۆیە، تا لە بەرامبەردا پاڵەپەستۆ بخاتە سەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بۆ رۆیشتن لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م