ناوی ئەو هێزانەی پێشمەرگە بخوێنەوە كە بەشداری شەڕەكە دەكەن

:: PM:01:54:15/10/2016 ‌
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای كرد، هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە و چاوەڕێی فەرمانین بۆ هێرشكردنە سەر مووسڵ، لەبارەی ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی بەشداری شەڕی مووسڵ دەكەن، بەڕێوەبەری گشتیی هۆشیاری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ ژمارەكان ئاشكرا ناكرێن.

لیوا ئەحمەد كۆیی فەرماندەیی یەكەی پاسەوانی و یەكێك لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكی تەواو كردووە و لەوپەڕی ورە بەرزیدان و چاوەڕێی فەرمانین بۆ پێشڕەویكردن بەرەو مووسڵ.

هەروەها گوتی، پێشمەرگەی كوردستان بەقورسایی زۆرەوە بەشداری شەڕەكە دەكات و كاریگەری یەكلاكەرەوەی لەسەر شەڕەكە دەبێت و دەشمانەوێت بە كەمترین زیان، زۆرترین پێشڕەوی بكەین و گورزی كەمەرشكێن لە تیرۆریستان بسرەوێنین.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، جگەلە هێزەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەكانی 80 و 70 و پێشمەرگەكانی سۆشیالیست بەشداری شەڕی مووسڵ دەكەن.

لەلایەكی ترەوە عەمید هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری گشتیی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە گوتەبێژەكانی شەڕی رزگاری مووسڵ بۆ "وشە" گوتی، هێزی پێشمەرگە لە پێنج دەروازەی مووسڵدایە، سوپای عێراق لە یەك دەروازەوە دەتوانێ پێشڕەوی بكات، لە دەروازەكانی تر هەمووی بە بەشداریی پێشمەرگە دەبێت.

لەبارەی ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە ناوبراو گوتی، ناتوانین ژمارەكان ئاشكرا بكەین.

بڕیارە بەم نزیكانە هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شاری مووسڵ دەست پێ بكات، دوای ئەوەی لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 تیرۆریستان بەهۆی ڕاكردنی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، توانییان كۆنتڕۆڵی شارەكە بكەن، كە دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و ژمارەی دانیشتووانی بە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس هەژمار دەكرێت.

وشە/باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د