ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە کە تێیدا قەرزەکانی حکوومەت کە لەسەر هاووڵاتییانە لە پاشەکەوتنی مووچە بدرێت هاتووە، ئەمڕۆ بە فەرمی گەیەنراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی "وشە" ئەمڕۆ دووشەم، پڕۆژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە فەرمی براوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیانەوە و بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە هەفتەی داهاتووە، بابەتەکە گفتوگۆی لەسەر بکرێ.
پڕۆژەکە بریتییە لە وەرگرتنی چەکی مووچەی فەرمانبەران، لە بری قەرزی خزمەتگوزارییەکان لە حکوومەت، ئەمەش وەک دووەم بابەتی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گەڵاڵە دەکرێ، ئەگەر لەوێش دەنگی لەسەر درا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی دەوام بووە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەم هەفتەیە ناکرێ، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ئەگەر زانیمان بە تەواوی لە بەرژەوەندی خەڵکە، بە دڵنیایییەوە دەنگی دەدەینێ.
جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دھۆک پشتگیری لێ کراوە و داوایان کردووە وەک پڕۆژەیەکی گشتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێ تا لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەلایەن ئابووریناسان و پەرلەمانتارانەوە، بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەری و هەندێک وەک پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو کە خزمەت بە هاووڵاتی بگەیەنێ نایبینن.
دکتۆر ئەیووب سماقەیی پسپۆڕی ئابووریی گشتی و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین بە "وشە"ی ڕاگەیاند: پڕۆژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لاوازە و خێرایی زۆری پێوە دیارە لە نووسین و پەسەندکردنی و سۆزدارانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و هیچ خزمەتێک بە فەرمانبەران ناکات، بەڵکو جۆرێکە لە بەستنەوەی هاووڵاتی بە حکوومەت بە ڕووی پێ بژاردنی باج و ڕسووماتەکانەوە، یان بە مانایەکی تر، دەیانەوێ بە فەرمانبەر بڵێن تۆ ئەوەندەی حکوومەتت لایە، ئاگادار بە لێتی وەردەگرینەوە.
بەڵام دکتۆر فەرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستپێشخەریەکی زۆر باشی کرد لەو هەلومەرجەدا بۆ ئەوەی پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران شوێنی خۆی بگرێت و هەردوو لایەنی حکوومەت و مووچەخۆران لە پڕۆژەکە سوودمەند بن.
ڕۆژی 28ی کانوونی یەکەم/ دیسێمبەر، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەو پڕۆژەیەی پەسند کرد کە وەک ئاماژەیان پێ کردووە، بە قازانجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و ماوەتەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسند بکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت. ئەگەر حکوومەتیش پڕۆژەکە پەسەند بکات، ئەوا بارێکی قەرز لەسەرشانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە.
پێشتر غازی عەلی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی گوتبوو: بەگوێرەی پڕۆژەکە، فەرمانبەران و مووچەخۆران دەتوانن لەو پارەیەی حکوومەت کە بۆی پاشەکەوت کردوون بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان سوود وەربگرن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان 20% تا ٧٥%ی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەکەوت کردووە و دیار نییە کەی توانای دارایی حکوومەت بەرز دەبێتەوە تا قەرزەکە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە. بەو پڕۆژە نوێیەی پارێزگای هەولێر دەتوانرێت پارەی ئاو، کارەبا، سزاکانی هاتوچۆ و هەموو جۆرە قەرزێکی حکوومەت بدرێتەوە.