ئێران هەنگاوەكانی بۆ گەیشتنی زەوینی بۆ سەر دەریای ناوەڕاست خێراتر دەكات

:: PM:07:00:17/03/2019 ‌

دیمەشقی پایەتەختی سووریا ئامادەسازییەكی فرەوان بەخۆیەوە دەبینێت بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەكی سەربازی لە نێوان عێراق و ئێران و و سووریا كە یەكەم دیداری لەو جۆرە و لەو ئاستەیە كە سوپاسالارەكانی هەرسێ وڵات ئامادەی دەبن، بەپێی هەواڵە دزەپێكراوەكان ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگ و هاوبەش دەكەن سەبارەت بە سنووری و ئالوگۆڕی گیراوان و گواستنەوەی زەوینی لە نێوانیان.

یەكێك لە كێشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی سوننە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێران بە بەردەوام ئەوە بووە كە ئێران هەوڵی تەواوكردنی هیلالی شیعە و گەیشتنی زەوینی بۆ دەریای ناوەڕاست لە رێگەی خاكی عێراق و سووریا و گەیشتنی بە حزبوڵا و لبنان دەدات، كە هاوكات ئامانجێكی ستراتیجی ئیرانە.

ئەمڕۆ یەكشەم محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران گەیشتە سووریا بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سەربازی ئێرانی، بەو پێیەی لەگەڵ هاوتا عێراقی و سووریاییەكەی بەشداری لەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوە بكات، ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی لەو بارەوە رای گەیاند، باقری سەردانی دیمەشق دەكات بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی سەربازی سێقۆڵی لەگەڵ هەردوو هاوتا سووری و عێراقییەكەی كە یەكەم كۆبوونەوەی لەو جۆرەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی نەهێشتنی تیرۆر و هاریكاری ناوچەیی و پەرەپێدانی پێوەندییە سەربازی و بەرگرییەكان.

لەو كۆبوونەوە جیا لە باقری، هەریەك لە فەریقی یەكەم عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق و سووریایش تا ئێستە سوپاسالاری نییە دوای ئەوەی عیماد عەلی ئەیووب سوپاسالاری پێشوو كرایە وەزیری بەرگری، بەپێی زانیارییەكانی "عەرەبی ئەلجەدید"، لەو كۆبونەوە سێقۆڵییە چەند پرسێكی عێراقی و سووری بە سەرپەرشتی ئێران تاوتوێ دەكرێت كە زۆرینەیان پێوەستن بە سنوورەكان و ئالوگۆڕی گیراوان و گواستنەوەی زەوینی لە نێوان هەرسێ وڵات.

بەرپرسێكی باڵای سەربازی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەك گەورە ئەفسەری عێراق بەشداری لەو كۆبوونەوەیە دەكەن وەك هەوڵێك بۆ دابینكردنی ئاسایشی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ سووریا، بۆیە كۆبوونەوەكە سەربازییە نەوەك سیاسی و تاوتوێكردنی چەند بابەتێك لەخۆ دەگرێت ئەوانیش هاوئاهەنگی لە نێوان عێراق و سووریا لەبارەی سنوورەكانیان و دووبارە كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی نێوانیان (قائیم و وەلید)، واژووكردنی رێككەوتنێك بۆ دووبارە دانانەوەی بەربەستە خۆڵییەكانی نێوانیان كە داعش لە 2014 لای بردبوون.

جیا لەوانە ئالوگۆڕكردنی زانیاری لەبارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە بەمدواییە هێزەكانی سووریای دیموكرات رادەستی عێراقی كردبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسیەی ئالوگۆڕكردنی گیراوانی عێراقی و سووریایی لای هەردوو وڵات، لەپاڵ تاوتوێكردنی دۆسیەی گواستنەوەی زەوینی لە نێوان ئێران و سووریا لە رێگەی عێراقەوە.       

لەبارەی رۆڵی ئێران لەو كۆبوونەوەیە ئەو بەرپرسە گوتی، ئێران بەو پێیەی لایەنێكی كارایە لە ململانێی سووریا و پاڵپشتێكی گەورەی رژێمی ئەسەدە، جیا لەوەیش چاوەڕوانی بەشداریكردنی نوێنەری حەشدی شەعبی لە كۆبوونەوەكە دەكرێت.

لای خۆیەوە عەلی بەكری، شارەزا لە كاروباری عێراق گوتی، ئەو خاڵانەی لەو كۆبوونەوە باس دەكرێن دەبنە خاڵێكی جێگیر لە هاریكاری نێوان رژێمی ئەسەد و بەغدا بە سەرپەرشتی ئێران و روونی كردەوە، ئێرانییەكان دەیانەوێت بەپەلە كۆتایی بە دۆسیەی گواستنەوەی زەوینی بەرەو سووریا لە رێگەی خاكی عێراق بێنن، ئەوەیش دوای سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ رێگریكردن لە پێدانی ئەركی دابینكردنی تەناهی رێگەی نێودەوڵەتی لە نێوان بەغدا و ئەنبار تا سنوور بە كۆمپانیای "ئۆلیف گرووپ"ی تەناهی بە رێگەی وەبەرهێنانی درێژخایەن.  

بەكری دووپاتی كردەوە، نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی جەنگ لە باغووز واتە هاریكاری و هاوئاهەنگی ئەوان چووەتە قۆناغێكی نوێ و ئێرانییەكان دەیانەوێت گەیشتنیان بە گۆڕەپانی سووریا ئاسانتر و خێراتر بێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی خواستیان بۆ بەدەستهێنانی هەلی وەبەرهێنان لەو وڵاتە كە بە بەشێك لە مافی خۆیان لە بەرانبەر پاڵپشتیكردنی رژێمی ئەسەد دەزانن.  

روونی كردەوە، رەنگە بەو هۆیەوە سوپای عێراق بكەوێتە ژێر باری فشار و فەرمانكردن بەو پێیەی تاكە بەرپرسە لە دابینكردنی تەناهی سنوورەكانی رۆژئاوای عێراق لەگەڵ سووریا، بەتایبەتی ئەگەر دەروازە سنوورییەكان بكرێنەوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی رێگە نەدات سوپای عێراق بخرێتە ناو حیساباتی سیاسی، بەتایبەتی كۆبوونەوەكە لە رووی كات و شوێنی سازكردنی و بەشداریكردنی ئێران تیایدا مەترسی دروست دەكات.  

ئەو سەردانەی باقری بۆ سووریا هاوكاتە لەگەڵ ئەو راپۆرتانەی باس لە كۆنترۆڵكردنی ئێران بۆ بەندەری لازقییەی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست دەكرێت كە ئاماژە دەكەن لە سەرەتای تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبردنی بەندەرەكە دەدرێتە ئێران، ئەوەیش مانای ئەوەیە تاران بێ هیچ بەربەستێك دەستی دەگاتە بەندەرەكە و دەریای سپی ناوەڕاست.

 رۆژنامەی "تایمز"ی بەرتانیایی لەو بارەوە دەڵێت، كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسداران بە كردەنی دەستیان كردووە بە گواستنەوەی كاڵا لە رێگەی بەندەرەكە و ئەوەیش ئاماژەیەكە كە ئێران رەنگە بۆ گواستنەوەی چەك بەكاری بێنێت و دەشبێتە خاڵی بەیەكگەیاندنی دەریای ناوەڕاست و ئەو رێگە زەوینییەی لە ئێرانەوە بە خاكی عێراق و سووریاوە تێپەڕ دەبێت كە بە هیلالی شیعی ناسراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل