یەكخستنی لیواكانی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێكی تر.. یەكەی 70 و 80 دەگرێتەوە

:: PM:07:46:17/03/2019 ‌
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی تر هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەست پێ دەكەنەوە، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەیش لەگەڵ سوپای هاوپەیمانان تاوتوێی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی یەكەی 70 و 80ی پێشمەرگە دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئادار/ مارس، بە سەرپەرشتی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەت و ئامادەبوونی فەریق جمال محەمەد سەرۆكی ئەركان و ژمارەیەك لە ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامانی بۆردی چاكسازی، لەگەڵ شاندێكی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرپەرشتی كۆلۆنێڵ تان دیر جێگری فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێكی یاوەری، كۆبوونەوەی چاكسازی بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پڕۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و باس لە چۆنییەتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەتایبەت هێزەكانی یەكەی 70ی سەر بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و یەكەی 80ی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە، تا لە رووی كارگێری، دارایی، مەشق، ڕاهێنان و خانەنشینی، یەكبخرێن و بێنە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

پێوەند بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نزیك سێ ساڵ پێش ئێستە دەستی پێ كردووە و تا پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتری، 14 لیوای هاوبەش لە وەزارەت هەبوون، هاوكات دوو لیواش لەلایەن هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرێنرا بە تەواوی كەلوپەلی لۆجستی و مووچە، بەڵام رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری لەسەر یەكخستنەوەی 14 لیوایەكەش دروست كرد.

"وشە" پێوەندی بە سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە كرد، بەڵام لەبەر بەردەوامی كۆبوونەوەكان و كۆتایی نەهاتنی پڕۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكان، سەربەست لەزگین ئامادە نەبوو قسە لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان بكات.

لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە روونكردنەوە و دواین زانیارییان لەسەر هەنگاوەكانی ئەنجامدانی چاكسازی بە هاوپەیمانان دا، بەگوێرەی بەیاننامەكەش بێت، هاوپەیمانان پشتگیری وپشتوانی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هەموو هێزەكان خستەڕوو.



وشە - فه‌رمان سادق