نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:10:46:18/03/2019 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆرسە دەستی پێ كرد و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازارەش نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

سەرەتای هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 65 دۆلار و 65 سەنت، بەڵام لە كۆتایی هەفتەكەدا بە 67 دۆلار  و دوو سەنت داخر و ئەمڕۆ دووشەمیش كە ماوەیەكی كەمە بازاڕەكە كراوەتەوە 15 سەنت لە نرخی نەوت هەڵكشاوە و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 67 دۆلار و 17 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوتی ئەمەریكیش كە بە 58  دۆلار و 35سەنت داخرابوو چەند سەنتێك لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

هەفتەی رابردوو  نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو تۆمار كرد و گەیشتە سەرووی 68 دۆلار و ئەو بەرزبوونەوەیەش رۆژی پێنجشەم تۆمار كرا.

ئەمڕۆ وڵاتانی ئۆپێك و چەند ولاتێكی دەرەوەی رێكخراوی ئۆپێك لە ئازەربایجان كۆ دەبنەوە و كار بۆ ئەوە دەكەن بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە. رەنگە كاریگەریی ئەم كۆبوونەوەیە هۆكاری هەڵكشانی نرخی نەوت لە بازاڕەكان بێت.

هەفتەی رابردووش لێدوانەكانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دژی ئێران و سووربونی لەسەر رێنەدان بە هەناردەی نەوتی ئێران بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار كرا. سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا هۆكاری ترن كە كاریگەریی ئەرێنییان بۆ سەر بازاڕەكە هێناوەتە كایەوە.



وشە - سلێمان تاشان