میسی ژمارەیەكی پێوانەیی لەگەڵ ئێنێستا یەكسان كردەوە

:: AM:10:55:18/03/2019 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ژمارەیەكی پێوانەیی لەگەڵ هاوڕێكەی پێشووی ئەندرێس ئینێستا یەكسان كردەوە سەبارەت بە بەشداریكردنی لە زۆرترین یاریی یانەی بەرشەلۆنەدا.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگە و دوور لە هاندەرانی بە ئەنجامی 1-4 گۆڵ لە یانەی ریال بیتیسی بردەوە.

میسی لە یارییەكەدا بەشێوەی سەرەكی بەشداری كرد و توانی 3 گۆڵ (هاتریك)یش لە یارییەكەدا بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار بكات.

بەمەش میسی ژمارەی یارییە بەشدارەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە یارییە فەرمییەكاندا كردە 674 یاریی و هاوتای یارییەكانی ئەندرێس ئینێستای ئەستێرەی پێشووی یانەكە و ئێستای یانەی ڤیسیل كۆپێی ژاپۆنی كردەوە.

میسی ئێستا لە ریزبەندی دووەمی ئەو یاریزانانە دێت كە زۆرترین یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كردبێت بە درێژایی مێژوو دوای چاڤی هێرناندیزی ئەستێرەی پێشووی یانەكە كە ئێستا لە ریزی یانەی سەدی قەتەڕی یاری دەكات.

چاڤی لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا 767 یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامدابوو، بەمەش میسی 93 یاریی ماوە بۆ ئەوەی ژمارە پێوانەییەكەی لەگەڵ چاڤی یەكسان بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م