لە هەولێر ئاگری نەورۆز لە دوو شوێن دەكرێتەوە

:: AM:11:01:18/03/2019 ‌
چەند ساڵێکە حکومەت بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئاگری نەورۆزی لە پارکی شانەدەری هەولێر راگەیاندووە و بەشێک لە هاووڵاتییانیش بەپێی نەریتی لەمێژینەی شارەکە ئاگرەکە هەر لە قەڵای هەولێر دادەگیرسێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئادار، فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی یادەكانی ئادار چالاكییەكانمان بەردەوام دەبێت و تا ئێوارەی ڕۆژی 20ـی ئادار.

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری هەولێر گوتی، ئێوارەی ڕۆژی 20ـی ئادار بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە پاڕكی شانەدەر بە چەند چالاكییەك كۆتایی دەهێنیین بە فێستیڤاڵی ئەمساڵ و هاووڵاتییان دەتوانن ئامادەییان هەبێت لەو چالاكییانە.

هاوكات هەمزە حامد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ئاگری نەورۆز لە هەولێر لە دوو شوێن دەكرێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن ئامادەبن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر گوتی، بۆنە فەرمییەكە لە پاڕكی شانەدەر دەبێت و هاووڵاتییان ئەتوانن ئامادەبن و كاتێكی خۆش بەسەر بەرن و ئاگرێكی تر لەسەر قەڵای هەولێر دەكرێتەوە و  وەک نەریتێکی ساڵانە هاووڵاتییان بەشداری تێدا دەکەن.

پێشتر ئاگری نەورۆز لە یەک شوێن و لەسەر قەڵای هەولێر دەکرایەوە و ئەوەیش لە یادەوەری دانیشتوانی ئەو شارەدا وەک رەمزێک ماوەتەوە، بەڵام چەند ساڵێکە حکوومەت ئەو رێوڕەسمە نەتەوەییەی گواستۆتەوە بۆ پارکی شانەدەر و ئەوەیش وای کردووە دوو رێوڕەسمی نەورۆز لە هەولێر بکرێت و بەشێک لەو هاوڵاتییانە نەتوانن دەستبەرداری ئەو یادەوەرییە لەمێژینەیان ببن.

هەمزە حامید هۆی گواستنەوەی رێوڕەسمەکە لە قەڵای هەولێ دەگەڕێنێتەوە بۆ درووستبوونی قەرەباڵغی و نەگونجاوی شوێنەکە بۆ ئەو ژمارە دانیشتوانەی لە پایتەخت هەیە و دەڵێ، گواستنەوەی رێوڕەسمەکە بۆ پارکی شانەدەر بەمەبەستی ئەوەیە جەنجاڵی زۆر دروست نەبێت لە شوێنەكان و هاووڵاتییان بتوانن كاتێكی خۆش بەسەربەرن.

ساڵانە لە هەرچوار پارچەی کوردستان وەک بۆنەیەکی ئاینی لە ئێوارەی ڕۆژی 20ـی ئادار ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و بەهێمای سەركەوتن  و یەکەم رۆژی ساڵی کوردی هەژمار دەکرێت.



وشە - رامیار جەواد