بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامەی سعوودیە ناوی ژمارەیەك وڵاتی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، هاووڵاتییانی سعوودیە بۆیان نییە سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن.
ئەمڕۆ شەموو 15ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامەی سعوودیە لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، هاووڵاتییانی سعوودیە ئاگادار دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە سەردانی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئێران و یەمەن بكەن.
زیاتر روون كراوەتەوە، هەر هاووڵاتییەك ئەو فەرمانە پێشێل بكات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و كەمترین سزا، ستاندنەوەی پاسپۆرت لە كەسەكە بۆ ماوەی سێ ساڵ و سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی 10 هەزار ریاڵی سعوودی دەبێت.
سعوودیە ماوەی ساڵێكە پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران وەستاندووە و لەو ماوەیەدا چەندان جار هەڕەشەی هێرشی سەربازییان لە یەكتر كردووە، هاوكات لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریاوە رێگەی نەداوە هیچ هاووڵاتییەكی سووریا بۆ حەج بچنە ناو خاكەكەیەوە.
پێشتر وەزیری دەرەوەی سعوودیە هۆشداری ئەوەی دابوو كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی میلیشیاكانی سوپای قودسەوە تەناهیی عێراقی خستووەتە ژێر كۆنتڕۆڵەوە و هاوكات باڵوێزی سعوودیە لە بەغدا مانگی ئاب/ئۆگستسی ئەمساڵ رای گەیاند، لەكاتی رۆیشتنیدا بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا لەلایەن میلیشیاكانی شیعەوە هەوڵی تیرۆركردنی دراوە.
وشە/ئاژانسەكان- هیدایەت جان