كیا دزەكانی هەولێر گیران

:: PM:12:24:18/03/2019 ‌
لە ماوەی ڕابردوو چەند ئۆتۆمبێلی جۆری كیایی بارهەڵگر دزران و بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات ئەو كەسانەی دزییەكەیان كردووە گیراون.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئادار، رائید هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی راگەیاند، بەشی لێكۆڵینەوەی دزینی ئۆتۆمبێل لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر، توانیویانە سێ‌ ئەندامی باندەكە بگرن و چوارەمیش لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە گیراوە كە ئۆتۆمبێلیان دزیوە.

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتی، ئەو باندە كە گیراون ددانیان بە دزینی پێنج ئۆتۆمبێل جۆری كیا بارهەڵگر داناوە و دواتریش بردوویانەتە دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان فرۆشتوویانە، هەروەها ئێستە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلەكان دەستنیشان بكرێت و هەوڵ بدرێت بگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر..

ئاشكرای كرد، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دزراون دووانیان تابلۆیان هەولێر بووە و سێی تریش تابلۆكەیان ناوەڕاست و خوارووی عێراق بووە، هەروەها ئەندامانی باندەكە ماوەیەكی كەمە هاتوونەتە هەولێر و نیشتەجێ بوونە، بۆیە هیچ پێشینەیەكی تاوانكارییان لە تۆمارەكانی پۆلیس نەبووە.

گرتنی ئەو باندە دزییە لە كاتێكدایە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو دەنگۆیەكی زۆر لەسەر دزینی ئۆتۆمبێلی كیا بارهەڵگر هەبوو و بەردەوامە شەوانە بازگەی پۆلیس لە دەوروبەری شاری هەولێر هەبوو.



وشە - رامیار جەواد