ئەمساڵ هاتنی گەشتیارانی رۆژهەڵات 30% زیادی كردووە

:: PM:01:38:18/03/2019 ‌
هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بەبۆنەی نەورۆزەوە دەستی پێ كردووە و گەشتوگوزاری سلێمانیش دەڵێت، هاتنی گەشتیار بە رێژەی بەرچاو زیاد دەكات بە تایبەت گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

هەموو ساڵێك لە 15ی ئادارەوە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و تا كۆتایی مانگی ئادار بە دەیان هەزار گەشتیار روو دەكەنە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و بەگشتیش بە سەدان گەشتیار دێنە سلێمانی.

ئارام شوانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ بۆ سنووری سلێمانی پێشبینی هاتنی زۆرترین گەشتیار دەكەین چونكە لە لایەك دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر باش بووە و هەروەها هەرێمی كوردستان بەرەو ناوچەیەكی گەشتیاری هەنگاو دەنێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لابردنی رسوومات لەسەر گەشتیارانی رۆژهەڵات كاریگەری تەواو و سەد لە سەدی دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیاران و پێشبینی ئەوە دەكەین بۆ ئەمساڵ هاتنی گەشتیاری ئێرانی و رۆژهەڵات بە ڕێژەی لە سەدا 30 بۆ ناوچەكە بەرز بێتەوە، لە كاتێكدا ساڵانی رابردوو لە سەدا 10 كەمتر بوون.

شوانی دووپاتی ئاشكرای دەكات، لە ئێستەوە هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی بەتایبەت رۆژهەڵات دەستی پێ كردووە و هاتنەكەش تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەستی پێ كردووە و هاتنی زۆرترین گەشتیاریش لە 19 و 20ی مانگەوە دەست پێ دەكات و دەمانەوێت كۆی هاتنی گەشتیاران بە یەك ژمارە ئاشكرا بكەین.

ساڵانی رابردوو هەر گەشتیارێكی ئێرانی لە كاتی هاتنە ناو هەرێمی كوردستان بڕی 25 هەزار دیناری عێراقی لێ وەردەگیرا كە بەپێی دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی تمەن گۆڕانكاری بەسەر ئەو پارەیە داهات.

ئێستە بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن ئەو 25 هەزار دینارەی لە سنوورەكان لە گەشتیاری ئێرانی وەردەگیرا بڕی نزیكەی 300 هەزار تمەنی ئێرانی دەكات بەوەش پارەیەكی زیاتر لەسەر گەشتیارانی ئێران دەكەوت لە كاتی هاتنیان بۆ‌ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ حكوومەت ئەو رسووماتەی لەسەر گەشتیارانی رۆژهەڵات نەهێشت.

سەعد مەلا عەبدوڵا مامۆستای ئابووری و ئابوریناس بە "وشە"ی راگەیاند، گرنگیدان بە لایەنی گەشتیاری وڵات پێش دەخات و ناوچەكە دەكاتە ناوچەیەكی گرنگی گەشتیار و كاریگەری زۆر باش دەبێت، چونكە هەر وڵاتێك گەشتیاری بوو واتە ئەو وڵاتە لە ڕووی ئاسایش و تەناهییەوە بێ كێشەیە.

گوتی، كەرتی گەشتیاری یەكێكە لەو كەرتانەی كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ و هاووڵاتییان دەبێت، چونكە گەشتیاران راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان دەكەن و پارەی زیاتر دەكەوێتە بازاڕەوە.

لەگەڵ لابردنی ئەو رسووماتە، هاتنی گەشتیار بەڕێژەی بەرچاو لە رۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری كوردستان زیاد دەكات و بەوەش تا ئاستێك ئابووری و بازاڕی هەرێمی كوردستان دەبووژێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان