کێبەرکێی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و گەیاندن نرخ بەرەو داشکانی زۆر دەبات

:: PM:01:37:02/01/2017 ‌
کۆمپانیاکانی گەیاندن و پێوەندی لە کوردستاندا کەوتوونەتە کێبەرکێی زۆرەوە لە ئۆفەری جیاواز بۆ هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەورۆز تیلیکۆمیش دەڵێت وەک دەستپێشخەرییەک پلانمان هەیە لەمساڵدا داشکان لە نرخەکاندا بکەین.

فاتح ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمپانیای نەورۆز تیلیکۆم بە "وشە"ی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2016 یەکەم کۆمپانیا بووین کە بە دەم داوایەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە چووین، لە ڕووی داشکاندنی نرخەوە بۆ هاووڵاتییان، ئەمساڵیش پلانمان هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی باری ئابووری خەڵک و بەشداربووانمان لە شارەکاندا پلانی مارکێتینگ پێڕەو بکەین لە نرخ و کوالێتیدا.

فاتیح ڕوونی دەکاتەوە: نەورۆز تیلیکۆم پێک دێت لە نۆڕماڵی پێوەندیکردن هەروەها سیستەمی ئینتەرنێت ADSL لەگەڵ سیستەمی نەورۆز FG لەگەڵ ڕێبەرکویک.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: ئەوەی کە زیاتر پێوەندی بە بەشداربووانمانەوە هەیە زیاتر سیستەمی ADSLە کە نرخی کارتەکانی 49 هەزار و 60 هەزارە، بە نیازین داشکان لە نرخی کارتی مانگانەدا بکەین و بچینە ناو کێبەرکێی مارکێتینگی کۆمپانیاکانی گەیاندنەوە.

زیاتر دەڵێت لەمساڵدا بۆ نەورۆز FG  کارتی پێنج هەزاری و 10 هەزاریمان دابین کردووە بە کوالیتی بەرزەوە، واتە ئەوە نییە کە نرخ کەم بکەینەوە و کوالیتی خراپ بێت، بەڵکو هەردوو لایەنەکە ڕەچاو دەکرێت.

لەبارەی سیستەمی ئینتەرنێتی ڕێبەرکویکیش دەڵێت کارتی 25 هەزاری ماوە، ئەویش گۆڕانی بەسەردا دێت لەمساڵدا نرخەکەی بە پێی بازاڕ زۆر کەم دەکرێتەوە و سیستەمەکەشی دەگۆڕێت بۆ FG بە کوالیتی بەرزەوە، چونکە ئێستە هاووڵاتییان گلەیی زۆریان لە ئینتەرنێتی ڕێبەرکویک هەیە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئۆفەرێکی پێشکەشی بەشداربووانی کرد لە شارەکانی هەولێر و دهۆک کە لە کارتی 10 هەزار دیناریەوە دەست پێ دەکات، بەشداربوو دەتوانێ لەو ڕۆژەی کە کارتەکە بەکار دێنێت بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بە فری بەکاری بێنێت بە پێی نرخی کارتەکە دوای ئەوە لە کارتەکەی دەڕوات.

هەر لەوبارەیەوە ئومێد محەمەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند: سیاسەتی دروستکردنی کێبەرکێ لە نێوان کۆمپانیاکاندا یەکێکە لە پلانەکانی وەزارەت لە ڕووی داشکانی نرخەوە بۆ هاووڵاتییان، بۆیە لە ساڵی 2016دا زۆربەی کۆمپانیاکان نرخیان بە ڕێژەی 10% تا 30 % داشکاند.

ئومێد محمەد ئەوەش دەخاتە ڕوو ئەمساڵ پڕۆژەی ئینتەرنێتی STTH خراوەتە بواری جێبەجێکردن لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کە ئینتەرنێتی ماڵانە و نرخی 39 هەزار دینارە و هەرسێ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و تەلەفۆن و بیۆ ئایتی واتە تی ڤی لە خۆی دەگرێت.

ڕوونی دەکاتەوە ئێستە لە هەولێر و دهۆک ئەو پڕۆژەیە دەست پێ کراوە و لەمساڵ لە گەڕەکەکاندا و لە شاری سلێمانیش بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکرێت.

ئومێد باس لەوەش دەکات: چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ نرخی گەیاندن و ئینتەرنێت زیاتر داشکانی بۆ بکرێت چونکە وەک خۆی دەڵێت کۆمپانیاکان لە کوردستاندا کەوتوونەتە کێبەرکێی بەهێز لەگەڵ یەکتر و بوونی ئەو کێبەرکێیەش بە سوود و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان کۆتای دێت  و دەستخۆشیشیان هەیە بۆ کۆمپانیای نەورۆز تیلیکۆم کە وەک یەکەم کۆمپانیا لەمساڵدا دەستپێشخەر بوون لە داشکانی نرخدا.

هێمن ڕەفیق


وشە - موحسین شابان