ئەمەریكا سێ هەڕەشە لە عێراق دەكات ئەگەر یاسای كردنە دەرەوەی پەسند بكات

:: PM:02:41:18/03/2019 ‌
لە كاتێكدا تا دێت دەنگی ناڕەزایەتی بۆ مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە بەرزبوونەوەدایە و هەوڵەكان چڕتر بوونەتەوە بۆ دەركردنی یاسای دەرچوونی هێزی بیانی لەسەر خاكی عێراق، هاوپەیمانی فەتح سێ هەڕەشەی ئەمەریكا لە عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێ لە رۆژانی داهاتوو ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئادار/ مارس، هاوپەیمانی فەتح هەڕەشەكانی ئەمەریكای دژ بە عێراق ئاشكرا كرد ئەگەر لە پەرلەمانی یاسای دەركردنی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا پەسند بكرێت. روونی كردەوە یەكێك لە هەڕەشەكان سەپاندنی گەمارۆی ئابوورییە بەسەر ئەو كۆمپانیایانەی لە عێراق كار دەكەن.

عەبدولئەمیر دبی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێ، لە ماوەی نزیكی داهاتوودا هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی سائیروون پرسی دەركردنی سوپای ئەمەریكا دەبەنە ناو پەرلەمان.

گوتی "ئەمەریكا هۆشداری داوە بە سەپاندنی سزا بەسەر هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لە عێراق كار دەكەن، هۆشداری داوە بە سزدانی ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكەن، هۆشداری داوە بە كشاندنەوەی ئەو كۆمپانیایانەشی لە عێراق كار دەكەن". زیاتر گوتی "بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو پرسە لە پەرلەمان تاوتوێ دەكرێت".

هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە قسەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح بێت، لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە سوپای وڵاتەكەی لە عێراق دەمێنێتەوە بۆ چاودێریكردنی جموجووڵەكانی ئێران لە ناوچەكە، ئەمەش ئەو بەرپرسە عێراقییانەی تەواو تووڕە كرد كە نزیكن لە تاران.

لە ماوەی پشووی پەرلەماندا، هەردوو هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری، یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوانیان دەركردنی یاسای دەركردنی سوپای بیانی بوو لە عێراق، هەردوولا كۆكن لەسەر ئەوەی نابێت هیچ هێزێكی بیانی لەسەر خاكی عێراق بمێنێت. 
 



وشە - فه‌رمان سادق