"ئەگەر پەرلەمانی عێراق یاساش دەربكات هێزەكانی ئەمەریكا ناچنە دەرەوە"

:: PM:04:33:18/03/2019 ‌

ئێستە قسە و باسی هێزە شیعەكانی عێراق كە زۆرینەی پەرلەمان و حكوومەت پێكدێنن بریتییە لەوەی سوورن لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئێستە هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح كە نەیاری سەرەكی یەكتر بوون پێش و دوای هەڵبژاردنەكان و تا ئێستە لەسەر پۆستە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت رێكناكەون، ئەوان لەسەر خستنەڕوو و تێپەڕاندنی یاسایەك لەناو پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی تەناهی لە نێوان بەغدا و واشنتن سوورن.

ئەو هێزە شیعانە سەرقاڵی ئامادەكردنی دوو پڕۆژەن لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بە پاساوی كۆتاهاتنی داعش لە عێراق، لەوكاتەی مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەو بابەتە هەیە لەلایەن پێكهاتەكانیتر وەك كورد و سوننە و لیبرال و چەپ و دیموكراتخوازەكان و تەنانەت هەندێك لایەنی شیعە بەوەی هێشتا دۆخی تەناهی وەك پێویست سەقامگیر نییە و هۆشداری لە كشانەوەی كتوپڕی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدەن، جا چ ئەو پاشەكشەكردن بە ناڕەزایەتی واشنتن بێت كە وەك كردنەوەی دەرگایەكی ئاگرە بەسەر عێراق.

لە 25ی كانوونی دووەمی رابردوو موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی عێراق، پڕۆژە یاسایەكی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق خستە روو و قەیس خزعەلی سەركردەی عەسائیب ئەهلولحەق كە گرووپێكی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانە ئەوەیش هەڕەشەی كرد بەوەی ئەگەر نەچنە دەرەوە، دەیانكەنە ئامانجی خۆیان. 

هێزە سیاسییەكانی عێراقی نزیك لە ئێران هەوڵ دەدەن سوود لە راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا وەربگرن بۆ داواكردنی دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقیش بەو پێیەی لێرەش داعش كۆتایی هاتووە، لەناو بوونی مەترسی هێزە سیاسییەكانی تر لە دروستبوونی بۆشایی و زیادبوونی دەسەڵاتەكانی ئێران لەكاتی كشانەوەی ئەمەریكا، ئەوەیش لەو كاتەی زۆرینەی هێزە شیعەكان لەگەڵ تێپەڕاندنی پڕۆژەكەن ئەگەر لە پەرلەمان بخرێتە روو.

رێناس جانۆ پەرلەمانتاری پێشووی كورد لە بەغدا گوتی، هەڵوێستی كورد لەو بارەوە روونە و پێمان وایە هێشتا عێراق پێویستی بە هێزی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و لە دەستوەردانی دەرەكیش، دووپاتی كردەوە ئەگەرچی كورد هەر پڕۆژەیەكی لەو جۆرە لەناو پەرلەمان رەت دەكەنەوە ئەگەر بخرێتە روو، بەڵام ئەگەری تێپەڕاندنی هەیە ئەگەر فراكسیۆنە گەورەكان رێككەوتن لەسەری.

هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی و ستراتیجی عێراقی دەڵێت، سەختییەكی زۆر لەبەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیەكی لەوجۆرە لەناو پەرلەمان هەیە بەو پێیەی پێویستی بە سازانی هەموو فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكانەوە هەیە و دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستی پەرلەمانتارانی سوننە و كورد و كەمینەكان لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە وەك خۆیان و بۆ ماوەیەكی نادیار، لەو كاتەی شیعەكان سێ هەڵوێستیان هەیە. 

یەكەمیان، وەك هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح دەڵێن بە پێویستی چوونەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لە عێراق و دووەم داوای كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن لەگەڵ بینینی هەمان رۆڵی ئێستەیان و سێیەم كە ئەوانیش پەرلەمانتارانی عەسائیب و بەشێكی فەتح و داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بەتایبەتی دەكەن، بۆیە زەحمەتە ئەوانەیش لە نێوان خۆیاندا رێككەون. 

هاشمی دەڵێت تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش یاسایەكی لەو جۆرەی تێپەڕاند، ئەوە مانای ئەوە نییە ئەو هێزانە لە ماوەیەكی كورت عێراق جێدێڵن، چونكە یاساكە دەدرێتە حكوومەت و پێویستە ئەویش رێنوێنی دەربكات و ئەوەیش كاتی زۆری دەوێت كە رەنگە بگاتە ساڵانێك، بۆ نموونە لە 2016ەوە یاسای حەشدی شەعبی دەرچووە و تا ئێستە رێنوێنییەكانی دەرنەچووە. 

رۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست" لەبارەی كاردانەوەی واشنتن لەبەرانبەر هەر بڕیارێكی لەو شێوەیە دەڵێت، پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كاریگەری كارەساتباری بۆ سەر ئەو وڵاتە دەبێت كە بووەتە گۆڕەپانێك بۆ پێشێلكارییە تەناهییەكانی داعش و فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئێران، جگە لەوە پاشەكشەكردنەكە كاریگەری كارەساتباریشی بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت كە تا ئێستەیش بەدەست نەبوونی سەقامگیرییەوە دەناڵێنێت.

كریستفەر برۆدسكی، توێژەر لە ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا لە وتارێكی لەو رۆژنامەیە دەڵێت، لە 25ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ موقتەدا سەدر پیاوی ئاینی پڕۆژە یاسایەكی بۆ دەركردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكای لە عێراق پێشكەیش كرد و هەروەها قەیس خزعەلی سەركردەی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لە 28ی ئەو مانگە هەڕەشەی لە هێزەكانی ئەمەریكا كرد. 

ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دەدرێتە پەرلەمان و ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی بڕیاری لەسەر بدات، دەبێت عێراقییەكان هێز بۆ دەركردنی سەربازانی ئەمەریكا بەكار بێنن، لەو كاتەی بەهۆی قسەكانی دوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە ئاماژەی كرد بەوەی ئەمەریكا عێراق وەك بنكەیەك بۆ چاودێریكردنی ئێران بەكار دەهێنێت، پێوەندی عێراق و ئەمەریكا ئاڵۆزتر بوو بەهۆی ترسی عێراقییەكان بەوەی وڵاتەكەیان ببێتە گۆڕەپانی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران.

محەمەد عەزیز، مامۆستای زانستە سیاسییەكان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر پەرلەمانی عێراق دەنگیش لەسەر پڕۆژەی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بدات، ئەو هێزانە عێراق جێناهێڵن، چونكە واشنتن عێراق وەك بەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و سەنتەرێكیش بۆ كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەبارەیەوە دەزانێت، دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكانی هەڕەشەیش لە ئەمەریكا دەكەن لەوە لاوازترن بوێری بكەن و ئەو كارە ئەنجام بدەن، چونكە بە ئەنجامەكەی دەزانن. 

عەزیز دووپاتی كردەوە كە هێزە شیعەكانی عێراق ناكۆكی گەورەیان لە نێواندا هەیە و زۆر دوورن لە رێككەوتن، زانیارییەكانیش ئاماژە بۆ ئەگەری دروستبوونی ململانێیەكی شیعە-شیعە دەكەن و واشنتنیش كار بۆ پەرەسەندنی دەكات ئەگەر پەرلەمان هەر بڕیارێكی لەو جۆرە بدات، بۆیە ئەمەریكا تا كاتێكی نادیار لە عێراق دەمێنێتەوە.

لەو كاتەی عەزیز ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەزاران چەكداری داعش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رێگەی شانە نوستووەكان لە عێراق بوونیان هەیە و ئەگەری هاتنەوەیان هەیە و بێ ئەمەریكا ناتوانرێن لەناو بچن، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە كە ئەمەریكا كۆنترۆڵی 40%ی ئابووری جیهان و دامەزراوە داراییە جیهانییەكان دەكات، بۆیە پێویستە بەغدا تا بتوانێت خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو فایلانە بەدوور بگرێت كە واشنتن تووڕە دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل