قایمقامی كۆیە وەڵامی شاسوار دەداتەوە


قایمقامی كۆیە لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە گوایە كۆمپانیایەك دەیەوێ لەسەر ئەركی خۆی پردی بەنداوی سماقووڵی چارەسەر بكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ڕای گەیاندبوو لە ڕێی كۆمپانیاكەیەوە ئامادەیە پردی بەنداوی سماقووڵی كە ئێستە پڕ ئاو بووە و ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە چارەسەر بكات، بەڵام قایمقامی كۆیە ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئادار وەڵامی شاسواری دایەوە.

تارق حەیدەری قایمقامی كۆیە لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" ناردووە ئاماژەی بەوە كردووە،  "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی  كە گوایە خاوەن كۆمپانیایەك  دەیەوێت پردی بەنداوی سماقوولی لە سەر ئەركی خۆی دروست بكات. وەك قایمقامیەتی كۆیە، ڕادەگەێنین كە ئەم پرۆژەیە دەمێكە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و دامەزراوە پێوەندیدارەكانەوە  كاری لەسەر كراوە، بودجەی پێویستی بۆ تەرخان كراوە".

قایمقامی كۆیە لە ڕوونكردنەوەكەیدا دەڵێت، لە نزیكترین كات پڕۆژەی پردی بەنداوی سماقووڵی جێبەجێ‌ دەكرێ‌، بۆیە پێویست ناكات كەسانی تر بە شێوازی جیاواز هەوڵ بدەن هەواڵی تر بڵاو بكەنەوە.

بەنداوی سماقووڵی ڕێی سەرەكی نێوان هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە ئێستە بەهۆی شكستی بەنداوەكە و زۆری ڕێژەی باران بارین پڕ بووەتەوە و ئاستەنگی هاتوچۆی دروست كردووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:13:18/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 2230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌