كۆمەڵ و نەوەی نوێ‌ هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی دەدەن

:: PM:06:28:18/03/2019 ‌

فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئەوەن هاوپەیمانی ببەستن و لەو ڕێیەشەوە دەیانەوێ‌ ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بكەن و بەرانبەر پڕۆژەكانی گۆڕان و فراكسیۆنەكانی تر بوەستنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەكاتی ئامادەكردنی ئەو هەواڵە فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوەدان و سەرقاڵی ئەوەن هاوپەیمانی لە پەرلەمانی كوردستان ڕابگەیەنن، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامیش زانیارییەكانی بۆ "وشە" پستڕاستكردەوە و ڕای گەیاند، بە هیچ جۆرێك كۆمەڵ ڕێككەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ‌ ناكات، بەڵام ڕەنگە هاوپەیمانی فراكسیۆنەكان لەپەرلەمان پێكبهێنرێ‌.

ڕووپاك ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نەوەی نەوێ‌ سەرۆكایەتی لیژنەكانی بەخشیوەتە كۆمەڵی ئیسلامی و ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ لێكنزیك بوونەوە و هاوئاهەنگی زیاتری كاری پەرلەمانی.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ گوتی، هیچ بابەتێكی ڕێككەوتن لەنێوان كۆمەڵ و نەوەی نوێ‌ لە ئارادانییە، ئێستە هەردوو فراكسیۆن لە كۆبوونەوەدان ئەگەر بگەنە بڕوا و كاری پێكەوەی ڕەنگە هاوپەیمانی بكەن لە پەرلەمانی كوردستان تەنیا لە نێوان فراكسیۆنەكاندا. هەروەك ڕەتی كردەوە ئەو كارە دژی هیچ لایەنێك بێ‌.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" كۆمەڵ و نەوەی نوێ‌ دەیانەوێ‌ لە ڕێی فراكسیۆنێكی هاوبەشەوە كارەكانیان بكەن و زیاتریش مەبەستیانە ڕێ‌ لە پڕۆژە و كارەكانی گۆڕان بگرن و ژمارەی كورسییەكانیان لەوان زیاتر بكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم