پیلانێكی لاهوور جەنگی بۆ تێكدانی گۆڕان ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:35:18/03/2019 ‌
 بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە گرووپێكی ناو یەكێتی لە ڕێی چەند میدیایەكیانەوە دەیانەوێ‌ كێشە بخەنە ناو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە و هەواڵ و نووسراوی ساختە بەناوی ڕێكخەری گشتیی و ڕەوتی تر لەناو گۆڕان بڵاو دەكەنەوە. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەیش دەڵێت، "نۆ ساڵە لەناو جڤاتی نیشتمانی كار دەكەین و شتێكمان نییە بەناوی ڕەوت و باڵ ئەوەی هەیە دروستكراوە".

چەند ڕۆژێكە میدیای گرووپێكی ناو یەكێتی كە لەلایەن لاهوور جەنگییەوە ئاراستە دەكرێن، ژمارەیەك نووسراو و نامەی جۆراوجۆر بەناوی ڕەوتی پڕۆگۆڕان بڵاو دەكەنەوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو هەوڵانە بە تێكدانی ڕێكخستەكانی دەزانێ‌ و پێی وایە ئەو گرووپەی ناو یەكێتی ئێستە كار و پیشەیان بووەتە دروستكردنی نووسراوی ساختە بەناوی گۆڕانەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئادار، شاخەوان ڕەئووف بەگ ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی و پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی لەسەر گۆڕان بڵاو دەكرێتەوە تۆمەتە و نووسراو بەناوی ڕێكخەری گشتیی و ڕەوت و باڵی ناو گۆڕان دوورن لە ڕاستییەوە.

ئەو گوتی، " نۆ ساڵ ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بووم و شتێك لەناو گۆڕان نییە بەناوی ڕەوت و پڕۆ و باڵ"، روونی كردەوە، ئەوەی ئێستە هەیە دروست كراوە و بۆ تێكدانی رێكخستنەكانی گۆڕانە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دووپاتی لەوە كردەوە كە گۆڕان خاوەنی بۆچوون و ڕای خۆیەتی لەسەر كۆی پرسە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ تێكدانی دۆخی ناوخۆی گۆڕان سوودی نابێت.

لەلایەكی ترەوە كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە" قسەی كرد و تەواوی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لەلایەن میدیاكانی لاهوور جەنگییەوە بەناوی گۆڕان بڵاو دەكرێتەوە. ئەو بێئاگایی خۆی لە بوونی ڕەوتی جیاواز لەناو گۆڕان دەربڕی و ڕەتی كردەوە شتێكی لەو جۆرە هەبێت.

دوای ئەنجامدانی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە هەموو جۆرێك كەوتووەتە دژایەتی ئەو بزووتنەوەیە و پێی وایە كە پشكی ئەوانی لە حكوومەت بەركەوتووە، هەر ئەوەیش وایكردووە ئێستە یەكێتی چاو ببڕێتە ئەو پۆستانەی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان بەر گۆڕان كەوتوون.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم