نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:10:29:19/03/2019 ‌

 

 لە دوێنێوە کە هەفتەیەکی نوێ لە بازاری بۆرسە دەستی پێ کردووە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەم بەرزبوونەوەیەش تا ئێستە بەردەوامە.

 

لەو ماوەیەدا نرخی نەوت لە 67 دۆلارەوە بۆ 67 دۆلار و 64 سەنت هەڵکشاوە.سەرەتای هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 65 دۆلار و 65 سەنت بەڵام لە كۆتایی هەفتەكەدا بە 67 دۆلار  و دوو سەنت داخرابوو.

 

بەگوێرەیdailyfx  نرخی نەوتی ئەمەریكیش لە 58 دۆلارەوە بۆ سەرووی 59 دۆلار هەڵکشاوە. هەفتەی رابردوو  نرخی نەوت برێنت بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو تۆمار كرد و گەیشتە سەرووی 68 .

 

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و ڤەنزوێلا دەگەڕێتەوە. هەر جۆرە کەمبوونەوەیەک لە بەرهەمهێنانی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەر بۆیەش وڵاتانی ئۆپێک و چەند وڵاتێکی دەرەوەی ئۆپێک نێوەنێوە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئاستی خستنەڕوو و داخوازی بکەن و نرخەکان لە ئاستێکی گونجاودا بهێڵنەوە.

 

دوێنێ دووشەم نوێنەری ئەو وڵاتەنە لە ئازەربایجان كۆ بوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەوە بکەن لە چەند مانگی رابردوودا رێککەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتیان چۆن جێبەجێ کردووە.

 

لە کۆبوونەوەکە باس لەوە کرا وڵاتان   بە رێژەی 90% پابەند بوون بە رێککەوتنەکە. لە کۆتایی ساڵی رابردوو ئەو وڵاتانە بڕیاریان دا ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بکەنەوە.

 

بڕیار بوو کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک لە 17  و 18ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بۆ مانگی پێنج دواخرا. خالد فالح وەزیری نەوتی سعوودیە گوتبووی لە مانگی حوزەیراندا بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن تا چ رادەیەک بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە.

 



وشە - سلێمان تاشان