هەورامی: یەك دۆلار لە بودجەی گشتی بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران خەرج ناكرێ‌

:: PM:03:16:19/03/2019 ‌
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، پڕۆژەی چاكسازی لە پێشینەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەبێت و بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەكە چاوەڕێی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكەین.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، 15 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و كۆیی سەرۆكایەتیەكەیشیان دەكاتە 45 پۆست كە بەسەر فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەش كراون.

ڕوونیشی كردەوە بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسایی چاكسازی چاوەڕێی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكەین، چونكە پڕۆژەكە پێوەندی بە لایەنی داراییەوە هەیە و یەكێك دەبێت لەو پڕۆژانەی لەپێشینەی كارەكانی پەرلەمان دەبێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی، پێویستە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەلە بكات بۆ دیاركردنی كەسێك بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. ڕوونیشی كردەوە كە پرسی دەستوور پێویستی بە تەوافووقی نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە و پێویستە میكانیزمی بۆ دیار بكرێ‌.

هێمن هەورامی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەكات و جیاوازی لە نێوان فراكسیۆنەكان ناكات و چالاكی پەرلەمانتاریش پێوەندی بە لیژنەكانەوە نییە.

هەورامی دووپاتی كردەوە كە ئامادەنین لە بودجەی گشتیی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێ‌ و ئێستە حاڵەتێك هەیە كە بەشێوەی قیست ئۆتۆمبێل لە سەر مووچەی پەرلەمانتارەكان خۆیان بكڕدرێ‌ و دەبێتە موڵكی پەرلەمانتاران و یەك دۆلار لە بودجەی گشتیی بۆ ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران خەرج ناكرێ‌.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم