140 هەزار سەرباز و هێزە تەناهییەكان دەوری مووسڵیان داوە

:: PM:02:06:15/10/2016 ‌



سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا رای گەیاند كە ژمارەی هێزە چەكدارەكانی لە دەوری شاری مووسڵ لە قۆڵە جیاجیاكان كۆ بوونەتەوە، گەیشتووەتە 140 هەزار شەڕوان.

عەمید محەمەد حەسەنێن لامی ئەفسەر لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا لەوبارەوە رای گەیاند، ئەو هێزانە باشترین جۆری چەك و تفاقی سەربازییان هەیە كە مسۆگەری بردنەوەی جەنگەكە دەكات و ئاماژەی كرد كە ژمارەی ئەو هێزانە كە لە قۆڵەكانی باشوور و باكور و رۆژهەڵاتی شارەكە كۆ بوونەوتەوە، چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەن، گەیشتووەتە 140 هەزار شەڕوان. 

ئەو ئەفسەرەی كردەوەگەلی نەینەوا دووپاتی كردەوە كە هەماهەنگییەكی گەورە لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە هەردوو قۆڵی باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵدا هەیە.

پێنجشەمی رابردوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا بەمەبەستی دیاریكردنی سەعاتی سفری جەنگی مووسڵی كۆ بووەوە، بڕیاریش درا بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر و هۆزەكانی مووسڵیش لە ئازادكردنەوەی دەشتی نەینەوا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، ئەو هێزانەی لە جەنگەكە بەشدارن، بریتین لە فیرقەكانی 17 و 15ی سوپای عێراق و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لیوای زریپۆش و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی ناوەخۆیی پارێزگەی نەینەوا بۆ پاراستنی ئاسایش لە دوای ئازادكردنەوە.

روونی كردەوە كە جەنگە بەپاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕێوە دەچێت، هەرچی حەشدی شەعبییە رێككەوتن كراوە كە ئەوان لە قۆڵی تەلەعفەر و لە ئازادكردنەوەی ئەو شارۆكە بەتەنیا بەشداری بكەن، هەرچی هۆزە سونەكانیشە تەنیا لە دەروبەری مووسڵ. 

دوێنێ هەینی شانەی راگەیاندنی جەنگ سەر بە سەركردایەتیی كردەوەگەلی هاوبەش رێنوێنییەكانی تایبەت بە رووماڵكردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵی راگەیاند و تیایدا بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵێكی تایبەت بە جەنگەكە جگە لە سەرچاوە رێپێدراوەكان، قەدەغە كرد و ئەو كەس و لایەنانەشی دیاری كرد كە دەتوانن لێدوان بدەن.

هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی ئامادەبوونی هێزە بەشدارەكان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد بۆ دەست پێكردنی جەنگەكە كە بێجگە لە هێزە تەناهییەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكاش بەشداری تیادا دەكەن.  

وشە/شەفەق نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل