كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار كتێبى "به یادى سۆزانییه خه‌مباره‌كانم" بڵاو كرایه‌وه، گابرێل گارسیا ماركیز نووسه‌رى كتێبه‌كه ته‌مه‌نى 77 ساڵ بوو، بۆ نووسه‌رێك كه خاوه‌نى "سه‌د ساڵ ته‌نیایى" و "خۆشه‌ویستى له سه‌رده‌مى كۆلێرا" بێت، هه‌رچه‌نده دواین كتێبى بچو‌وكیش بێت و هه‌رچى ناونیشانێك هه‌ڵبگرێ، ئه‌وا خوێنه‌ران به‌دوایه‌وه ده‌بن و بایه‌خى پێ ده‌ده‌ن، "به یادى سۆزانییه خه‌مباره‌كانم"یش هه‌روا بوو، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌م، بۆ زۆربه‌ى زمانه‌كانى دنیا هاته وه‌رگێڕان، ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌ندێك نه‌ته‌وه زیاتر له جارێك هاتووه‌ته وه‌رگێڕان.
وه‌ك له ناونیشانه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م كتێبه باس له بیره‌وه‌رى پیاوێك ده‌كات له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشه‌كان. ئه‌و پیاوه‌یش كاتێك یاده‌وه‌رییه‌كانى ده‌گێڕێته‌وه، ته‌مه‌نى چه‌ند رۆژێكى ماوه بگات به 90 ساڵ. ئه‌و رۆژنامه‌نووسێكه نزیكه‌ى نیو سه‌ده ستوونێكى هه‌فتانه‌ى له رۆژنامه‌ى شاره‌كه هه‌بووه و دواجار كاتێك رۆژێكى ماوه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى ببێت به 90 ساڵ، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ستوونى داهاتووى به‌م ناونیشانه بێت، "به یادى سۆزانییه خه‌مباره‌كانم".
هه‌ر ئه‌وكاته بیر له‌وه ده‌كاته‌وه جه‌ژنى له دایكبوونى 90مین ساڵی به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى و به ڕه‌به‌نى به‌ڕى نه‌كات، به‌ڵكو بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ى له‌لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت شه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشێكى گه‌نج به‌سه‌ر ببات "تازه كار" بێت، بۆیه پێوه‌ندى به رۆسا كاباركاس ده‌كات ئه‌و ژنه پیره‌ى ساڵانێكه ده‌یناسێ و كارى گه‌وادى ده‌كات.
پیاوه 90 ساڵه‌كه ته‌له‌فۆن بۆ رۆسا ده‌كات و داواى كیژۆڵه‌یه‌كى ناسكى لێ ده‌كات. رۆساى كاباركاس به توانجه‌وه پێى ده‌ڵێ، "ئاى دانا دڵته‌نگه‌كه‌م 20 ساڵه ون بوویت، ئێسته هاتووى داواى مه‌حاڵم لێ ده‌كه‌یت"، بۆیه رۆسا كه پێشتر پێوه‌ندى سێكسى له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا هه‌بووه، هه‌وڵ ده‌دات به كچى تر رازى بكات، نیو ده‌رزه‌ن پێشنیارى به چێژى بۆ ده‌كات، به‌ڵام پیاوى 90 ساڵه له‌سه‌ر داواكه‌ى سووره و ده‌ڵێ "نابێ كچه‌كه تاقى كرابێته‌وه".
دواجار رۆسا هه‌وڵى خۆى ده‌دات و كیژۆڵه‌یه‌كى ناسكى بۆ ده‌دۆزێته‌وه به ناوى دیلگادینا. ئه‌وه‌ى سه‌یره پیره‌پیاوى رۆژنامه‌نووس عاشقى ئه‌و كچه ده‌بێت، ته‌نیا نایه‌وێ شه‌وێكى به چێژى له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر ببات، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندى سۆزدارى له‌گه‌ڵ دروست بكات.
ئه‌و نۆڤڵێته له پێنج به‌ش پێكهاتووه، تێیدا پیاوه 90 ساڵییه‌كه باس له هه‌ندێك له بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆى ده‌كات، ئه‌و كاتانه دێنێته‌وه یاد كه له‌گه‌ڵ ژنان و له‌شفرۆش به‌سه‌رى بردووه. به‌ڵام لێره‌دا ئێمه ته‌نیا به‌سه‌رهاته‌كانى جووتبوون و شه‌ونخوونى قه‌حپه‌خانه‌كان ناخوێنینه‌وه، به‌ڵكو حاڵه‌تى ده‌روونى پیاوێك ده‌خوێنینه‌وه وه‌ك خۆى ده‌ڵێ ساڵانێكى زۆرى به هێمنییه‌كى پیرۆز له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ى ته‌نیاى به‌ڕێ كردووه، ئێسته ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ى بۆ هاتووه كه له ته‌مه‌نى 90 ساڵى له‌گه‌ڵ كچێكى ناسك و 14 ساڵى بخه‌وێ، هێنده په‌رۆشى بیرۆكه‌كه‌یه‌تى، وه‌ك ئه‌وه‌یه له خوداوه‌نده‌وه هاتبێ.
ئه‌و كه ته‌مه‌نى زۆر بووه، پێویستى به‌وه‌یه هێشتا شتى نوێ تاقی بكاته‌وه، له شوێنێكدا ده‌ڵێ "من ده‌ستم كردووه به‌وه‌ى ساڵه‌كانى ته‌مه‌نم به تاك هه‌ژمار ناكه‌م، به‌ڵكو به ده‌یه، په‌نجاكانى ته‌مه‌نم یه‌كلاكه‌ره‌وه بوون له‌وه‌ى ئاگاداربم زۆرینه‌ى خه‌ڵكه‌كه له من بچووكترن، شه‌سته‌كان شڵه‌ژاوتر بوو، چونكه گومانى ئه‌وه هه‌بوو هیچى تر كات بۆ ئه‌وه نه‌ماوه هه‌ڵه بكه‌م. له حه‌فتاكان گومانى ئه‌وه‌م هه‌بوو ئه‌م 10 ساڵه ده‌یه‌ى كۆتایى ته‌مه‌نم ده‌بێت، له یه‌كه‌م رۆژى نه‌وه‌ته‌كانى ته‌مه‌نم كاتێك له قه‌روێڵه‌كه له ته‌نیشت دیلگادینا هه‌ڵسامه‌وه، له بیرۆكه‌یه‌كى خۆشحاڵانه نقوم بووم".
زۆر شت له‌باره‌ى ئه‌م نۆڤڵێته نووسراوه، هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌م كتێبه ره‌خنه‌یه‌كى سیاسییه، هه‌ندێكى تر له‌باره‌ى ناونیشانه‌كه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی له نۆڤڵێته‌كه خه‌مبار بێت، سۆزانییه‌كان نین، به‌ڵكو پیره‌پیاوه رۆژنامه‌نووسه‌كه‌یه، یان گابرێل گارسیا ماركیز خۆیه‌تی، یان هه‌موو مرۆڤه كه ده‌بێ به‌پێى ژماره‌ى ساڵه‌كانى ته‌مه‌نیان، خولیاكانیان دابڕێژنه‌وه.