دۆخی شنگال ئاڵۆزتر دەبێت و عێراق مەرجی بۆ پەكەكە داناوە

:: PM:09:26:19/03/2019 ‌

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو شەر و رووبەڕووبوونەوە چەكداری لە نێوان هێزەكانی یەپەشە و سوپای عێراق لە دەوروبەری شنگال رووی دا، ئەمڕۆ جارێكی تر شەڕەكە نوێ بووەوە و بەرپرسانی شنگال دووپاتی دەكەنەوە كە دوخی شنگال ئاڵۆزە و ناوچەكە بەرگەی نەهامەتی زیاتر ناگرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئادار چەند سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری عێراقی هەواڵی رەوانەكردنی لیوایەكی سەربازیان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەی شنگال ئاشكرا كرد و سەرۆكی شارەوانی خانەسۆری سەر بە شنگالیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردەوە.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە"وشە"ی راگەیاند، تا دێت دۆخی شنگال ئاڵۆزتر دەبێت و شنگاڵ چتر ناتوانێت بەرگەی نەهامەتی و شەر و رووبەڕووبوونەوەی زیاتر بگرێت، دووپاتی كردەوە كە ئێستە دانوستان لە نێوان هەردوولادا هەیە و عێراق چەند مەرجێكی بۆ یەپەشە داناوە و كارگێری شنگالیش لەگەڵ ئەوەیە كە هێزەكانی سەر بە پەكەكە شنگال چۆڵ بكەن.

لای خۆیەوە قاسم سمۆ، بەرپرسی ئاسایشی شنگال بە "وشە" گوت، تا دێت دۆخی شارۆكەكە ئاڵۆزتر دەبێت و شەر و رووبەڕووبوونەوەكان لە نێوان یەپەشە و سوپای عێراق خراپتر دەبێت.

زیاتر گوتی، ئێزیدییەكانی سەر بە یەپەشە هەوڵ دەدەن خۆیان بە خاوەنی شارۆكەكە بزانن و كونترۆڵی شنگال بكەن و رێگەی رۆژئاوا لە دەست ئەوان بێت، بەڵام هێزەكانی عێراق نایانەوێت یەپەشە لە شنگال بمێنەوە، چونكە بە بڕوای ئەوان ئەو هێزانە هێزی یاسایی نین و عێراق نایەوێت ئەو هێزانە لە عێراق و شنگال بمێننەوە، بۆیە پێموایە بەو شێوەیە دوخی شنگال ئاڵۆزتر دەبێت و تا ئێستە هیچ هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لە ئارادا نییە.

بەپێی قسەكانی ئەو بەرپرسەی تەناهییە هەرچەندە ئێستە رێگەی شنگال بۆ رۆژئاوای كوردستان لەدەست هێزەكانی عێراقە، بەڵام هێزەكانی یەپەشە دەخوازن چەند رێگەیەكی قاچاخ بدۆزنەوە.

پێشتر قاسم دەڕبۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردانی ئێزیدی بە "وشە"ی راگەیاندبوو كە لە دوای ئەوەی شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای عێراق و یەپەشە رووی دا، دۆخی شنگال ئاڵۆزتر بووە و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی قوڕس دەكرێت لە نێوان هەردوو لادا.

زیاتر گوتی، ئەو هێزانەی ئێستە بەناوی یەپەشەوە لە شنگالن، بەغدا بۆ ركابەری ئێمە پاڵپشتی لە دامەزراندنیان كرد و زیاتر لە هەزار چەكداریان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە مووچەیان پی دەدرا، بەڵام ئێستە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەكەكە شنگال جێبێڵێت و ئەگەر ئەو داوایە جیبەجێ نەكات، ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل