گەرمیان.. پڕۆژەیەك هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت

:: PM:10:39:19/03/2019 ‌

لە گەرمیان دوو هاوسەر لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی بچووكەوە تایبەت بە كاری پاككردنەوە و دیزاینكردنی ماڵان، هەلی كار بۆ كچ و كوڕان دەڕەخسێنن و دەیانەوێت گەنجان لە سەرانسەری هەرێم كار بكەن و پشت بە خۆیان ببەستن و داهاتیان لەو رێگەوە هەبێت.

(ماڵی ئاڵتوونی)، كە پڕۆژەی هۆگر و شەرمینە، بووەتە پیشەیەك كە كچ و كوڕان تیایدا ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان، ئەو كوڕ و كچانە لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ماڵی هاووڵاتییان پاك دەكەنەوە و كەلوپەلی ماڵان دەگوازنەوە.

هۆگر ئەحمەد، خاوەن بیرۆكەیەكی پڕۆژەكە بۆ "وشە" دەڵێت، یەكەمجارە كارێكی لەم شێوەیە لە كوردستان بكرێت و خواستی كاركردن هەمیشە لە دڵمدا هەبووە و ئێستەش وەبەرهێنم، بۆیە لەگەڵ هاوسەرم بیرۆكەی ئەوەمان بۆ هات كە كارێك بكەین تاوەكو ببین بە خاوەن كاری خۆمان و هەلی كاریش بۆ كوڕ و كچانی تر بڕەخسێنین.

پڕۆژەكە هەرچەندە تەمەنی كەمە و ماوەی كەمتر لە دوو مانگە دامەزراوە، بەڵام كارێكی گەورە دەكەن و توانوویەتی سەركەوتن بەدەستبێنێت و هاووڵاتییەكی زۆر لە ڕێگەی پێگەی تایبەتییانەوە لە فەیسبووك پێوەندیان پێوە دەكەن و داوا لەو كوڕ و كچە گەنجانە دەكەن كە خانووە تەواو كراوەكانیان لە پاشەڕۆی چەو و لم و گەچ و كاشی پاك بكەنەوە و تەنانەت درەوشانەوەیەكی تر بە خانووەكە دەدەن، هەروەها گواستنەوەی كەلوپەلی ماڵانیش دەكەن بۆ خانووە نوێكەیان، بەمەیش خزمەت بە هاووڵاتییان دەكەن و دەبنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆشیان.

ئێستە گرووپەكە تەنیا ١٠ كەسن و لە شەش كچ و چوار كوڕ پێكدێن و ئەو گەنجانەش هەندێكیان بڕوانامەی زانكۆ یان ئامادەیی و سەرەتاییان هەیە، ئەو دوو هاوسەرە لە هەگبەشیاندایە كە زیاتر لە ٤٠٠ كوڕ و كچی گەنج لە سەرانسەری كوردستان بێننە ناو ئەو گرووپانەوە كە دروستدەكرێن، تاوەكو ببێتە هۆكارێك بۆ دۆزینەوەی كار بۆ ئەو كەسانەی كە بێكارن و چاوەڕوانی دامەزراندن دەكەن.

مەرجەكانی كاركردن لە پڕۆژەكە ئەوەیە كە كەسەكان تەمەنیان لە نێوان (١٧-٣٠) ساڵیدا بێت و توانای كاركردنیان بە گرووپ هەبێت و كەسێكی كۆمەڵایەتی بێت و زمان پاراو بێت و توانای كاركردنی هەبێت بۆ ماوەی هەشت سەعات لە ڕۆژێكدا. ئێستە ئەو پڕۆژە تەنیا لە شارۆكەی گەرمیان دەستی پێ كردووە و دەیانەوێ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكەن لە ڕێگەی گرووپەوە.

ساكار نەجم، تەمەنی ٢٢ ساڵە و یەكێكە لەو كچانەی كە لە سەرەتای دروستبوونی پڕۆژەكە لەگەڵ ئەو دوو هاوسەرە كار دەكات، بۆ "وشە" گوتی، دڵخۆشم بەوەی ئەو كارە دەكەم و سەربەرزم پێی و داهاتی خۆمی پێ دەستەبەر دەكەم، سوپاس بۆ خوا ڕۆژانە دەچینە سەر خانووەكان و پاكیان دەكەینەوە و دیزاینیشیان بۆ دەكەین، ڕۆژی وا هەیە چوار خانوو دەكەین و ئەگەر خانووەكەش گەورە بێت ئەوا ڕۆژی یەك خانوو پاك دەكەینەوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل