ئازاد جوندیانی: 10 ڕۆژ لە بەردەم یەكێتی ماوە و پارتی جۆرێكی تر مامەڵە دەكات

:: AM:11:49:20/03/2019 ‌

ئازاد جوندیانی سیاسەتوانی دیاری كوردستان ڕای گەیاند، 10 ڕۆژ لە بەردەم یەكێتی ماوە تا گرێكوێرەكانی ناوخۆی و پێكهێنانی حكوومەت بكاتەوە بە پێچەوانەوە پارتی بە جۆرێكی تر مامەڵە دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار، ئازاد جوندیانی سیاسەتوانی دیاری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بەشی كوردی "دەنگی ئەمەریكا" ڕای گەیاندووە، " ئەگەر تا 4/1 یەكێتی هەروا بڕوات، دڵنیام پارتی یەكێتی دەخاتە دواوە، جا یا ئەو وەزارەتانەی بەر یەكێتی دەكەون بە بەتاڵی دەهێڵرێنەوە یا بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن". جوندیانی دەڵێ‌، یەكێتی دەیەوێت زۆرترین "نوقرچك" لە پارتی بگرێت، ئەم چەند مانگە پارتی زۆر بەتەحەمولەوە بە شێوەیەكی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی كردووە".

ئازاد جوندیانی باس لەوە دەكات كە  پارتی لە ڕووی ژمارەی كورسی و ژمارەی دەنگ و هەبوونی سەركردەیەكی كاریزمای وەك سەرۆك بارزانی حیساب بكەی، حزبی "برا گەورە"یە، ئێ "برا گەورە"ش دەبێت كەمێ بەسۆز بێت لەگەڵ برا بچووكەكانی تر.

ئەو سیاسەتوانە دەڵێ‌، "كاك مەسعوود تاكە سەركردەی بێ ڕكابەر و كاریزمایە لە كوردستان كە ئێستە مابێتەوە، بەڵێ پارتی برا گەورەیە و كاك مەسعوودیش تاكە سەركردەی یەكەمی كاریزما و بێ ڕكابەرە ئێستە لەكوردستان، پارتی دەرفەتی دا بەیەكێتی تا لەو ناوچەیەی یەكێتی تووشی تەنگژەی متمانەبوو ئەو حزبە لەناو بنكەی جەماوەریدا جارێكی تر یەكێتی هەستێتەوە و وزە بەخۆی بداتەوە."

وەك دووپات لەوە دەكاتەوە كە یەكێتی تا ئێستە تاكە هۆكاری پێكنەهێنانی حكوومەتە، بەڵام هەموو كات ئەم داخرانە مەرج نییە سوودی هەبێت، بەڵكو هەندێك جار ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت، بۆیە یەكێتی لەم 10 ڕۆژەی ماوە ئەو گرێ و كێشانەی ناوخۆی خۆی یا ئەو گرێكوێرانەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دروستی كردووە دەكاتەوە، چونكە دواجار ئەوەی زیان دەكات یەكێتییە، نەك پارتی و گۆڕان و ئەو لایەنانەی تر كە بەشداری ڕاستەقینەیان دەبێت لە پێكهێنانی حكوومەتدا.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم