زەحمەتكێشان ڕەخنە لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت دەگرێ‌

:: PM:02:07:20/03/2019 ‌
 
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە پەیامی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز دووپات لەوە دەكاتەوە كە تا ئەمڕۆیش كەركووكییەكان باجی ململانیێ‌ سیاسیی دەدەن، وەك بەپێویستی دەزانن پەلە بكرێ‌ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی جەژنی نەرۆز بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، نەورۆز لە دیرۆكی گەلەكەمان هەمیشە هێمای سەرهەڵدان و بەرخۆدان بووە،  دژ بە چەور و ستەمی دوژمنان و داگیركەران،  لە نەورۆزی ساڵی 1991  بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا، شاری كەركووك دەستەملانێی ئازادی بوو، بەڵام تەمەنی ئەو ئازادییە كورت بوو.

زەحمەتكێشان دەڵێن، بە هۆی سیاسەتی حزبایەتی بەتایبەت لە شاری كەركووك،  تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت كەركووك و كەركووكییەكان باجی  ئەو سیاسەتە دەدەن.

"ئەمسال جەژنی نەورۆز لە كاتێكدا پیرۆز ڕادەگیرێت، باشووری كوردستان بەدەست كێشەی حزبەكان دەناڵێت، دوای 170 رۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستە كابینەی تازە دانەمەزراوە". لە پەیامەكەی زەحمەتكێشان وا نووسراوە.

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوا لە هەموو لایەك دەكات،  بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی كار بكەن بۆ سەركەوتنی پەیامی یەكێتی نەتەوەیی.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم