نێچیرڤان بارزانی: بووژانەوەی باری ئابووری دەستی پێ كردووە

:: PM:02:44:20/03/2019 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی بۆ جەژنی نەورۆز ئاماژە بە باشتربوونی ڕەوشی دارایی لە كوردستان دەكات و دەڵێت، "بووژانەوەی باری ئابووری دەستی پێ كرد".

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار، بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆزەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، پشوودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاكە رێن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان، كوردستان لەو ماوەیەدا جارێكی تر روو دەكاتە خێر و خۆشی، باری ئابووری وا باش دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بۆنە خۆشەی نەورۆزدا باسی دەكەم، كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و تەبایی و خۆشەویستی و هەوڵی خاوكردنەوەی دەمارگرژییە، كە نەورۆز لە بنەڕەتەوە خاوەن و هەڵگری ئەو كولتوورەیە.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "كوردستان بە كۆمەڵێك تەنگژەدا تێپەڕی، وەك شەڕی داعش و ئاوارەبوونی سەتان هەزار خەڵك بۆ هەرێمی كوردستان، كەمبوونەوەی داهات و خراپبوونی باری ئابووری بەهۆی بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، كە هەریەك لەمانە بەشێوەی جۆراوجۆر كاری كردە سەر ژیانی خەڵك و بەتایبەتی لەڕووی دارایی و دەروونییەوە كاریگەری خراپیان جێهێشتووە".

دووپات لەوە دەكاتەوە شەڕی بەرگریی ئێمە لە بەرانبەر دڕندەیی داعشدا بەسەركەوتن تەواو بوو، بووژانەوەی باری ئابووریش دەستی پێ كرد و هەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوە دەنێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم