سلێمانی لە گۆشتخواردن یەكەمە

:: PM:03:26:20/03/2019 ‌

بەبۆنەی نەورۆز و چونە دەرەوەی هاووڵاتییان بۆ گەشت، خواست لەسەر گۆشت و مریشك و ماسی بەرز بووەتەوە و تەنیا ئەمڕۆ و سبەی لە هەولێر و سلێمانی سەتان تۆن گۆشت و مریشك و ماسی دەخورێت.

سەرەتای مانگی نەورۆز هاوتایە لەگەڵ یەكەم رۆژی بەهار و سەری ساڵی كوردی، بەهۆیەوە هاووڵاتییان لەو رۆژەدا بۆ گەشت و بەسەربردنی كاتێكی خۆش ڕوو دەكەن ناوچە گەشتیارییەكان و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن.

سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژانی ئاسایی سلێمانی پێویستی بە 90 تۆن گۆشت و مریشك و ماسی هەیە، بەڵام لەكاتی بۆنەكاندا خواست لەسەر هەرسێ جۆرەكەی گۆشت بەرز دەبێتەوە بۆ دوو هێندە و زیاتر.

زیاتر گوتی، بۆ سبەینێ كە خەڵك بۆ سەیران و گەشت دەچنە دەرەوە نزیكی 250 تۆن گۆشت دەخورێت و ئەوەش بەرزترین رێژەی بەكارهێنانی گۆشتە، هاوكات ئەمڕۆش خەڵك دەچنە دەرەوە ئەگەر 90 تۆن حیسابی بكرێت، ئەوا بە گشتی ئەمڕۆ و سبەی نزیكی 350 تۆن گۆشت دەخورێت.

روونی كردەوە كە بۆ سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ  15  هەزار ئاژەڵ هاوردە كراوە و لە رۆژێكی وەك نەورۆز سەربڕینی ئاژەڵ بۆ دوو هێندە زیاتر دەكرێت واتە لە 500 سەرەوە بۆ هەزار سەر ئاژەڵ سەر دەبڕدرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم