ملیۆنان دۆلار گەندەڵی لە كڕینی ئۆتۆمبێلی سەربازی لە عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:59:20/03/2019 ‌
دواجار وەزارەتی پلاندانان سەرنجەكانی لەسەر گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلی سەربازی خستەڕوو، رای گەیاند گرێبەستەكە لەو كاتە بووە كە حكوومەت كاربەڕێكەر بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار/ مارس، وەزارەتی پلاندانان لەسەر گەندەڵی گرێبەستی كڕینی شەش هەزار پیكەب لە جۆری میتسۆبوشی، هاتە دەنگ، رای گەیاند بەگوێرەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە بێت دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ژاپۆن لە كارگەی سەرەكی دروست بكرێن بەڵام ئەوەی ئێستە لە تایلەند دروست دەكرێت.

وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستەڕوو گرێبەستەكە لە كاتێكدا كراوە كە حكوومەتی حەیدەر عەبادی، حكوومەتی كاربەڕێكەر بووە و ئەو دەسەڵاتەی نییە وەها گرێبەستێك واژوو بكات.

جێی باسە لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناخۆ گرێبەستێكی گەورەی كڕینی ئۆتۆمبێلی پیكاب لە جۆری میتسۆبوشی ئاشكرا كرد كە بەگوێرەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە بێت، كۆمپانیای میتسۆبوشی شەش هەزار پیكەب بە وەزارەتی ناوخۆ دەفرۆشێت كە نرخی هەر دانەیەكیان دوو هێندەی نرخی خۆی لە بازاڕ تۆمار كراوە و پشكێنەری گشتی بڕیاری وەستاندنی ئەو دۆسیەی داوە بەهۆی هەبوونی گومانی گەندەڵی، بەڵام دوای بەدواداچوون دەركەوت كە گەندەڵی كراوە بەجۆرێك گرێبەستەكە هیچ ركابەریەك نەكراوە لەنێوان ئەو سێ كۆمپانیایەی داوەت كراون بۆ ئامادەبوونی كەمكردنەوەی نرخ بەگوێرەی هەمان تایبەتمەندی.

هەر لە گرێبەستەكەدا قسە لەسەر كڕینی ئۆتۆمبێلی پیكاب تۆیۆتا كراوە، بەڵام دواتر گۆڕدراوە بۆ میتسوبوشی، ئەگەرچی لەناو گرێبەستەكە دەبێت ئۆتۆمبێلەكە لە ژاپۆن دروست بكرێت كەچی ئەوەی ئێستە هەیە لە تایلەند دروست دەكرێت.

وەزارەتی پلاندانان لەسەر گرێبەستی كڕینی شەش هەزار ئۆتۆمبێلەكە بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی داوەتەوە كە لایەنی گرێبەستەكەیە، بە خاڵ تێبینی خۆی لەسەر گرێبەستەكە روون كردووەتەوە، بەمەش گەندەڵییەكانی گرێبەستەكە ئاشكرا دەبێت كە حكوومەت بڕی 205 ملیۆن دۆلاری بۆ گرێبەستەكە تەرخان كردووە، بەڵام گرێبەستەكە بە بەهای 231 ملیۆن دۆلار كراوە كە 26 ملیۆن دۆلار زیاترە لە بڕی تەرخان كراو.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان لیژنەی كاروباری ئابووری لە پەرلەمان، لە 26ی حوزەیرانی 2018 رەزامەندی لەسەر گرێبەستەكە دەربڕیوە، بە مەرجێك كارگەی دروستكردنەكەی لە ژاپۆن بێت، بەڵام بەپێی تایبەتمەندی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی داوا كراوە، كۆمپانیاكە وەها كارگەیەكی لە ژاپۆن نییە تەنیا تایلەند نەبێت، بۆیە دوای دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكە لە تایلەند و تاقیكردنەوەی، ئینجا بڕیاری لەسەر دەدرێت كە ئۆتۆمبێلەكە بكڕدرێت یان نا.



وشە - فه‌رمان سادق