دابان شێخە: لەدەستدانی قاچەكانم زیاتر هێزیان پێ بەخشیم

:: PM:04:36:21/03/2019 ‌
دابان شێخە هونەرمەندێكی خاوەن پێداویستی تایبەت و دانیشتووی شارۆكەی رانیە، لەگەڵ ئەوەی قاچەكانی كار ناكەن، بە درێژایی رۆژ بەسەر كورسییە تایبەتەكەیەوە خەریكی ژەنینی ئامێری "عوودە". دابان لەم دیدارەی  "وشە"دا  باسی كار و چالاكییەكانی دەكات.

كەی دەستت بە كاری هونەری كردووە و یەكەمین كارت چی بوو؟
لە منداڵیمەوە خولیای هونەر بووم و بۆ یەكەمین جار لە تەمەنی شەش ساڵی تێكەڵ بە دنیای هونەر بووم, بەتایبەت هونەری گۆرانی و موزیك، بۆ ئەمەش لە زۆربەی بۆنە و رێوڕەسمەكانی سنوورەكە بە گۆرانی و موزیك بەشداریم كردووە.

چ ئامێرێكی موزیك دەژەنی؟ 
ژەنیاری ئامێری عوودم و زۆربەی كاتی رۆژانەمی لەگەڵدا بەسەر دەبەم.

بۆچی ئامێری عوودت هەڵبژارد؟
لەبەرئەوەی عوودم خۆش دەوێت و بووەتە نزیكترین هاوڕێی ژیانم، ئامێرێكە ژیانی لای من جوانتر كردووە و بەرگێكی زیندووی كردووەتە بەر دڵ و گیانم.

تا ئێستە بەرهەمی تایبەتی خۆت هەیە؟
بەهۆی نەبوونی پشتگیرییەوە تا ئێستە نەمتوانیوە كلیپ بۆ بەرهەمەكانم بكەم و بیخەمە بەر دیدی هەوادارانم.

لە كوردستان تا چ ئاستێك گرنگی بە هونەر دەدرێت؟
بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا هونەر بەپێی پێویست گرنگی پێ نادرێت. لە كاتێكدا هونەر پێویستی رۆحە و دەبێت گرنگی پێ بدرێت و هونەری كوردی نیشانی وڵاتانی دەوروبەریشمان بدەین.

ئەكادیمیبوون گرنگە بۆ هونەرمەند؟
هونەر هەڵقوڵاوی ناخی مرۆڤەكانە و خۆڕسكە و لەگەڵ مرۆڤ لە دایك دەبێت, بەڵام من ئەكادیمیم لە بواری هونەردا و ئێستە خوێنكاری قۆناغی چواری بەشی موزیكم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رانیە.

بەرهەمەكانت گوزارشت لە چی دەكەن؟
بەرهەمەكانم زیاتر باس لە جوانی سروشت و عەشقی نیشتمان دەكەن, هەروەها چەندان بەرهەمم هەن بۆ جوانی و عەشقی ژن.

كێ هاوكاریت دەكات؟
بەتایبەتی باوكم و مامۆستا و هاوڕێكانم هاندەری گەورەی من بوون بۆ پەرەدان بە هونەر و بەردەوامیم لە كاری هونەری.

ئامانجت چییە؟
ئامانجم لە هونەرەوە دەست پێ دەكات, دەمەوێ لە رێی هونەرەوە خۆشەویستیم ببەخشم بە دەوروبەرم و تابلۆی ژیان بنەخشێنم.

پەیامت چییە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟
لای من هەر كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت هونەرمەندێكە بۆ خۆی، لەبەرئەوەی ئەو مرۆڤانەی شوێنێك لە جەستەیان كەمە، بە رۆح لەگەڵ ژیاندا ئومێدیان هەیە, چونكە ئامانجی ژیان لە ناخی مرۆڤەكاندایە و دەمەوێت بڵێم لەدەستدانی قاچەكانم زیاتر هێزیان پێ بەخشیم، چونكە ئازارەكان سەرچاوەیەكی باش بوون بۆ سەركەوتنەكانم.
وشە/رانیە- شادان بەكر



وشە - وشه‌