زانایان لەو باوەڕەدان و ئومێدی زۆریان هەیە کە لە ساڵی 2017 ئامانجی گەورەی زانستی بێنە بەرهەم و داهێنانی ناوازە و یەکجار سەرسوڕهێنەر بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە کە لە چاو داهێنانەکانی 2016 زۆر گرنگتر و گەورەتر بن.
رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە کە گرنگترین ئەو داهێنانەی لە بواری زانست و تەکنۆلۆجیا لە ساڵی نوێ دێنە بەرهەم، زۆرینەیان پەیوەستن بە زانستی پزیشکی و تەکنۆلۆجیای گەیاندن کە لەمانەی خوارەوە پێک دێن.
پێناسەی بایۆمەتری، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر لە ناسنامەی کەسەکان و رێگری لە پێشێلکارییەکان و لادان لە یاسا و ڕێنوێنییەکان، پێشبینی دەکرێ لە ساڵی 2017 پێناسی بایۆمەتری بێتە بەرهەم کە مۆری پەنجە و دەست و چاو لەخۆ دەگرێ و لە ڕێی ئامێری زۆر پێشکەوتوو کەسەکان دەناسرێنەوە بە تایبەت لە فڕۆکەخانەکان و شوێنە گرنگ و هەستیارەکانی دنیا.
هاوکات مۆبایلە زیرەکەکان گرنگی زیاتر بە پەرەپێدانی پەنجەمۆری بەکارهێنەران و خاوەنی مۆبایلەکان دەدەن، لەجیاتی ژمارەکان کە ئێستە زۆربەی مۆبایلە زیرەکەکان بە ژمارەی نهێنی دەپارێزرێن و دەبەسترێن.
زانایان دەڵێن کە پەنجەمۆر باشترین ڕێگەیە بۆ نەهێشتنی پێشێلکارییەکان، بۆیە لە ساڵی نوێ گرنگی تەواوی پێ دەدرێ، تەنیا دوو کەس پەنجەمۆریان لە نێو سێ ملیار و 500 ملیۆن کەس وەک یەک دەبێ و دووبارە دەبێتەوە.
زیرەکی دەستکرد، پێشبینی دەکرێ لە ساڵی نوێ ئامێری پێشکەوتوو و ڕۆبۆتی زۆر پێشکەوتوو دروست بکرێن کە وەڵامی مرۆڤ و پێویستییەکانی بداتەوە، هاوکات ئەو ئامێرە پێشکەوتووانە تەنیا لە ڕێی دەنگەوە کارەکان جێبەجێ دەکەن و زۆرێک لە ئەرکەکانی مرۆڤ لە نێو ماڵدا ڕادەپەڕێنن.
ئاماژە بەوەش دەکرێ، کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گووگڵ و مایکرۆسۆفت و فەیسبووک، لە ڕکابەری بەردەوام دەبن بۆ خستنەڕووی کارکردنی دەنگی نوێ بۆ بەجێهێنانی فەرمانەکان لە مرۆڤەوە، ئەمەش یارمەتی نوێکردنەوەی ئاسایشی زانیاری و پاراستنی لە هێرشی هاککەرزەکان بەهێزتر دەکات.
چاندنی سەر، لە بواری پزیشکیدا، پزیشکی ئیتاڵی تایبەتمەند و پسپۆڕ لە زانستی کۆئەندامی دەمار "سێرجۆ کاناڤیرۆ" دەڵێ، ئەمساڵ یەکەم نەشتەرگەری چاندنی سەر بە تەواوی ئەنجام دەدەن، لە نەشتەرگەرییەکەدا سەری کەسێک و دڕکە پەتکی لێ دەکرێتەوە و دەگوزارێتەوە بۆ سەر جەستەی مرۆڤێکی مردوو و دووبارە لە ڕێی لێدانی کارەبایییەوە دەخرێتە کار دوای مانگێک بێهۆشی ئەم کارە ئەنجامی دەردەکەوێت.
گەنجێکی ڕووسی تەمەن 31 ساڵ، خۆی بۆ ئەم نەشتەرگەرییە بەخشیوە، بەهۆی ئەوەی بە نەخۆشییەکی جیتان دەناڵێ لە سەرییەوە، هەرچەندە خۆشەویستەکەی دژی ئەو بیرۆکەیەتی، بەڵام خۆبەخشە ڕووسییەکە دەیەوێ ئەمە تاقی بکاتەوە و سەری بخاتە سەر جەستەیەکی تر بۆ ئەوەی لەو نەخۆشییە قورسە ڕزگاری ببێت.