80 هەزار گەشتیار سەردانى دهۆکی کردووە

:: PM:12:24:22/03/2019 ‌
ئەمڕۆ هه‌ینى 22ى ئادار، فەرمانگەی ژینگەی دهۆک هەڵساوە بە دابەشکردنی بڕێکی زۆر خەلۆز و عەلاگە به‌سه‌ر ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕۆژی دووەمی جەژنی نەورۆز دەچنە نێو سەیرانگا و شوێنە گەشتوگۆزارییەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.

محەمەد تاهر بریفکی، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک بە "وشە"ى ڕاگەیاند، نابێت هاووڵاتییان بۆ هەڵکردنی ئاگر و دروستکردنی خواردن دار یاخود شتێکی تر بەکاربێنن، بەڵکو دەبێت خەڵوز یاخود گازی سروشتی بەکاربێنن.

زیاتر گوتى، "بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و سەیرانگا و شوێنە گەشتوگۆزارییەکان فەرمانگەی ژینگەی دهۆک بڕێکی زۆری خەڵوزی ئامادەکراو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر عەلاگە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە لەسەر هاووڵاتییان دابەشکرا کە بەڕێگاوەبوون بۆ گەشت و سەیران بەبۆنەی جەژنی نەتەوەی نەورۆز".

بەپێی قسەی ئەو، دابەشکردنی خەڵوز و عەلاگە هەرسێ رۆژی نەورۆز بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانیش هاوکاری ئەوان بکەن، بۆ ئەوەی ژینگە هەر بە پاک و بێگەردی بمێنێتەوە.

بەپێی داتاکانی بەرێوبەرایەتی گەشتوگۆزاری دهۆک جگە لەو هاووڵاتییانەی لە ناوخۆ دەچنە نێو گەشت و سەیران، هاوکات نێزیکەی 80 هەزار گەشتیار هاتوونه‌تە سنووری پارێزگای دهۆک کە بەشی هەره‌ زۆری ئەو گەشتیارانەیش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوونه‌.

دهۆک/ نەوزاد هلۆری
















وشە - محەمەد میران