گه‌نجێكى یاخى، شارى به‌عقووبه جێده‌هێڵێ و رێى به‌غدا ده‌گرێته‌به‌ر. ته‌نیا و سه‌رگه‌ردان خاوه‌ن هیچ شتێك نییه، ته‌نیا خه‌یاڵێك و ئه‌وه نه‌بێ "ده‌بێ ببێ به شاعیر"، دواتر كه ده‌گاته به‌غدا، راسته‌وخۆ ناچێته كۆڕ و كۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان، یه‌كسه‌ر له رۆژنامه‌كان كار ناكات، هه‌رزوو تێكه‌ڵى چینه دیاره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى به‌غدا نابێت، كه ئه‌وكات له نزیك نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م بوو، به‌غدا به‌راورد به شاره‌كانى تر‌ى عێراق و وڵاتانى تریش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو بووه، به‌ڵكو له برى ئه‌مانه ئه‌م گه‌نجه یاخییه ده‌بێت به كرێكار، سه‌رگه‌ردان و برسى له شه‌قامه‌كان ده‌خوولێته‌وه، هاتوچۆى یانه خراپه‌كانى خواردنه‌وه ده‌كات، شه‌و له ماڵى له‌شفرۆشه‌كان ده‌مێنێته‌وه.
به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبوونى ماوه‌یه‌كى كه‌م وه‌ك دیارترین شاعیرى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت، شاعیرێك ته‌واو یاخیبوونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر شیعره‌كانیدا زاڵن و به شیعر شه‌ق له به‌هاكانى كۆمه‌ڵگه و پێوه‌ره باوه‌كانى شیعرى كلاسیكى عه‌ره‌بى ده‌دات.
ئه‌م شاعیره دواتر به "بۆدلێرى عه‌ره‌ب" و "پیاوێك له ته‌مه‌ن" ناو ده‌برێت، به‌ڵام خۆى ناوى حوسێن مه‌ردان.
حوسێن مه‌ردان له ساڵى 1949 یه‌كه‌م دیوانى به ناوى "قه‌سیده ڕووته‌كان" بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌م دیوانه بچووكه هه‌رایه‌ك له ناوه‌ندى ئه‌ده‌بى و رۆشنبیرى عێراق ده‌نێته‌وه، ته‌نانه‌ت دواجار ده‌گات به دادگا و مه‌ردان له‌سه‌ر نۆبه‌ره‌ى شیعره‌كانى دادگایى ده‌كرێت.
هه‌موو شتێك له "قه‌سیده ڕووته‌كان" جیاوازه، هه‌ر له شێوازى پێشكه‌شكردنى دیوانه‌كه‌وه بگره، تا ته‌واوى دێڕى شیعره‌كان. بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌یه‌كدا دیوانه‌كه‌ى پێشكه‌ش به خۆى ده‌كات و ده‌نووسێ "بۆ سه‌ركێشى لاسار كه خۆى به ته‌م پۆشیوه، بۆ شاعیرى شۆڕشگێر و بیرمه‌ندى ئازاد حوسێن مه‌ردان، ئه‌و هاوارانه پێشكه‌شه".
جیا له‌وه‌ى شیعره‌كانى مه‌ردان، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له شیعرى كلاسیكى عه‌ره‌بى، له ڕووى ناوه‌ڕۆكیشه‌وه یاخیبوونه له نه‌ریته‌كانى كۆمه‌ڵگه، زۆر به ڕاشكاوی باس له هه‌وه‌سبازى خۆى ده‌كات و شه‌رم له هیچ شتێك ناكات. بۆ نموونه له قه‌سیده‌یه‌ك ده‌ڵێ "شه‌یتان و پێك و قه‌حپه‌خانه هاوڕێمن".
له قه‌سیده‌یه‌كى تر كاتێك باس له جووتبوونى خۆى ده‌كات له‌گه‌ڵ ژنێك ده‌نووسێ:
كچه‌كه وه‌ك رۆشناییه‌كى سپى
كه‌وته سه‌ر كورسییه‌كى كۆنى به نه‌خش
گۆى مه‌مكى پێگه‌یشتووی ده‌رده‌كه‌وێ
له‌ژێر كراسێكى ئاوریشمى شین
له خوێنمدا شۆڕشێك به‌رپا ده‌بێت
شۆڕشى داوێنپیسییه به‌سه‌ر عه‌شقێكى بێگه‌رد
له قه‌سیده‌یه‌كى تر به ناونیشانى "سه‌ركێشییه‌كى دێرین"، مه‌ردان دووباره باس له پێوه‌ندییه‌كى ئیرۆتیكى ده‌كات له‌گه‌ڵ ژنێك و دواتر ژنه‌كه ده‌دوێنێ و ده‌ڵێ:
ئایا له چاوى من
تارمایى تاوان و ترسناكیت نه‌بینى؟
من له ئاسمان ناترسم
و باوه‌ڕیشم به قه‌ده‌ر نییه.
هه‌رچه‌نده عاشقیش بم
عه‌شقه‌كه له دڵم مانگێك ناخایه‌نێ.
زۆربه‌ى رسته‌كانى مه‌ردان چ له نووسینه‌كانى بێت یا شیعره‌كانی، زۆر راشكاوانه و بێ ئابڕووانه نووسراون، بۆ نموونه له شوێنێك ده‌ڵێ "من له سێبه‌رى داوێنپیسیدا گه‌وره بووم". هه‌ڵبه‌ته شاعیرێك ئه‌مه نووسین و ره‌فتاره‌كانى بێت، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى بیسته‌م، ئه‌وا رووبه‌ڕووى دادگا ده‌بێته‌وه.
وه‌ك خۆى ددانى پێدا ناوه، حوسێن مه‌ردان نزیكه‌ى 10 جار گیراوه و دادگایى كراوه. زیاتری گوتووه "ته‌نیا یه‌ك گرتنم له‌سه‌ر سیاسه‌ت بوو، ئه‌وانیتر له‌سه‌ر بێ ئابڕوویى بوو". به‌ڵام ته‌نیا له سیاسییه‌كه‌یش په‌شیمانه، گیرانه‌كانى تری له‌سه‌ر له‌شفرۆشه‌كان بووه یان به سه‌رخۆشى شه‌ڕى كردووه، له‌سه‌ر "قه‌سیده ڕووته‌كان"یش دادگایی كراوه.
له بیره‌وه‌رییه‌كانى حوسێن مه‌ردان له‌باره‌ى دادگاییه‌كه به‌سه‌رهاتێكى خۆش ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ "دادوه‌ره‌كه له‌كاتى دادگایى پاسه‌وانه‌كه‌ى دوور خسته‌وه و به ته‌نیا ماینه‌وه، ئینجا دادوه‌ر گوتى ئه‌وه بۆ دیوانه‌كه‌ى تۆم نه‌بینیوه، دانه‌یه‌كم بۆ بنێره، هه‌ر هێنده و ئیتر دادوه‌ر بڕیارى دا دۆسیه‌كه دابخات".
حوسێن مه‌ردان له ساڵى 1927 له به‌عقووبه له دایك بووه و له ساڵى 1972 له به‌غدا مردووه، كۆمه‌ڵێك كتێبى بڵاو كردووه‌ته‌وه و وه‌ك یاخیترین شاعیرى عه‌ره‌ب ناسراوه.