نرخی نەوت دابەزی

:: AM:09:51:23/03/2019 ‌

هەفتەیەكی تر لە  بازاڕی بۆرسە داخرا و لە دوو رۆژی كۆتایی هەفتەكەش نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی. هەر لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە چوار مانگی رابردوو تۆمار كردبوو.

سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت بە 67 دۆلار داخرابوو و لە كۆتایی هەفتەكەش بە 66 دۆلار و 96 سەنت داخرا. لە سێ رۆژی یەكەمی هەفتەكە نرخی نەوت 68 دۆلارە و 50 سەنتی تێپەڕاند و لە ڕۆژی چوارەمیش 20 سەنتی تر هەڵكشا، بەڵام لە نیوەی رۆژەكە رووی لە دابەزین كردەوە.

بەرزترین نرخ كە لەم هەفتەیەدا تۆمار كرابێت بریتی بووە لە 68 دۆلار و 70 سەنت كە بە بەرزترین نرخ لە ماوەی چوار مانگ و نیوی رابردوو هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوتی ئەمەریكیش كە بۆ 60 دۆلار و 40 سەنت هەڵكشابوو بە 58 دۆلار و 85 سەنت داخرا.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ خاوبوونەوە گەشەی ئابوری فڕەنسا و ئەڵمانیا دەگەرێتەوە کە دوو زلهێزی ئابوورین. هۆکارێکی تر بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە و ئەمەریكا بە خێرایی خەریكی پەرەپێدانی نەوتی لیتەییە بۆ ئەوەی قەرەبووی كەمبوونەوەی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا لە بازاڕەكانی دنیا بكاتەوە.

هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش  لە سەرەتای هەفتەكە بۆ كاریگەریی كۆبوونەوەی ئۆپێك لە ئازەربایجان و دواتر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ڤەنزوێلا دەگەڕایەوە.

دووشەمی رابردوو نوێنەری ئەو وڵاتەنە لە ئازەربایجان كۆ بوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەوە بكەن لە چەند مانگی رابردوودا رێككەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بكەن. لە كۆبوونەوەكە باس لەوە كرا وڵاتان بە رێژەی 90% پابەند بوون بە رێككەوتنەكە. لە كۆتایی ساڵی رابردوو ئەو وڵاتانە بڕیاریان دا ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە.



وشە - سلێمان تاشان