"وڵاتان بڕوایان وایە بەبێ هەرێمی كوردستان ئاسایش لە ناوچەكە سەقامگیر نابێ"

:: AM:11:43:23/03/2019 ‌


زیاد رەئووف نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا، لەم دیدارەی "وشە"دا ئاماژە بە ئاسۆكانی گەشەسەندنی رەوشی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان دەدات و ڕوونی دەكاتەوە، كورد لە وڵاتان دۆستی زۆری هەیە و ئەوروپا نایەوێ‌ پێوەندی لەگەڵ كوردستان بپچڕێنێ‌.

دەمەوێ‌ لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەم كە چالاكییەكانی نوێنەرایەتی كوردستان لە پۆڵەندا چین؟

چالاكییەكانی نوێنەرایەتی جۆراوجۆرن، پێش هەموو شتێك دەبێ بڵێین یەكەم سەرۆك وەزیرانی وڵاتێكی بیانی كە بە فەرمی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، شاندی سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و وەزیری ڕۆشنبیری لە ساڵی 2004، ئەوەیش سەرەتایەك بوو بۆ هاتنی بەرپرسانی وڵاتانی تر لەو ئاستە بەرزە، دواتر لە ساڵانی داهاتوو زۆر شاندی حكوومی و سیاسی و پەرلەمانی پۆڵەندا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و وەزیر و سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان.

ئەو سەردانانە ئەنجامیان زۆر بووە، بۆ نموونە واژووكردنی رێككەوتننامەی دۆستایەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی ئاڵاپۆلسكا .دواترین سەردانی بەرپرسانی حكوومی پۆڵەندا، شاندی وەزیری حكوومەتی پۆڵۆنیا بوو بۆ كاروباری هاوكارییە مرۆییەكان لە مانگی 12ی ساڵی 2018، لە میانەی سەردانەكەی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام دا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم. لە بەرانبەر ئەوانەیشدا بەرپرسانی كوردستانیش سەردانی پۆڵەندایان كردووە، یەكێك لە بەرهەمەكانی ئەو پێوەندییانە واژووكردنی ڕێككەوتننامە بوو لە نێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و مۆزەخانەی ئاوشڤیچ كە گەورەترین و بە ئەزموونترین مۆزەخانەیە لە دنیا تایبەت بە جینۆساید، هەموو ساڵێك لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو، بانگێشتنامە ئاراستەی سەرۆك یا سەرۆك وەزیران كراوە بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری كڕینیچا كە ناسراوە بە داڤۆسی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و دەیان سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی دنیا بەشداری دەكەن و ژمارەی ئامادەبووان دەگاتە چوار هەزار بەشدار.

ئێمە بەردەوام كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا و پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاجیاكان لە پەرلەمانی ئەوروپا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا ریچارد چەرنێچكی كە خۆی پۆڵەندییە و دۆستێكی نزیكە، لە سەرەتای شەڕی داعش سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و پشتگیرییەكی زۆری كردین. لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان پۆڵەندا هەڵوێستی زۆر نەرمتر بوو لە وڵاتانی تر، چەند ڕۆژێك پێش ریفراندۆم لەناو پەرلەمانی پۆڵەندا لەگەڵ سەرۆكی فەخری پەرلەمان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیم ئەنجام دا و ئەو پشتگیری دەربڕی بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

بەڵام ڕەنگە كاری نوێنەرایەتی تەنیا چالاكی سیاسیی نەبێ‌، بۆ دروستكردنی هاوئاهەنگی كولتووری چیتان كردووە؟
زۆر چالاكیی ڕۆشنبیری و كولتووریمان ئەنجام داوە لە زۆر لە شارەكانی پۆڵۆنیا، بەشێكیان بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ دەزگە ڕۆشنبیریی و زانستییەكانی ئەو وڵاتە، لەوانە زانكۆكان و لە سەروویانەوە زانكۆی یاگێلۆنیان، بەتایبەتی بەشی كوردۆلۆجی كە نوێنەرایەتی دەستپێشخەر و یاریدەدەر بوو بۆ دامەزراندنی، پەرتووكخانەی گشتی، مۆزەخانەی نیشتمانی، سەنتەری ڕۆشنبیری جیهانی كۆمەڵەی Willa Decjusza، ئەكادیمیای موزیكی كراكۆڤ و دەزگەی بڵاوكردنەوەی ZNAK، هەروەها لە گەلەری و هۆڵەكانی نمایش و جێی جیاجیا، دەیان پێشانگە و ئاهەنگ و چالاكیی كولتووری و كۆنسێرت و كۆنفڕانسی پێوەند بە كولتووری كوردی ڕێكخستووە، زیاتر لە 10 پێشانگەی فۆتۆگرافیمان ڕێكخستووە لەبارەی پێشمەرگە و شەڕی دژ بە داعش و ژیانی ئاوارەكان و سروشتی كوردستان و پۆرترێتی كوردستانیان و كوردانی ئێزیدی و زۆر بابەتی تر. هەروەها چەندان جار نمایشكردنی سیمفۆنیای پێشمەرگە و سیمفۆنیای شنگال. 

دەمەوێ‌ لێرە ئاماژە بەوە بكەم كە نوێنەرایەتی دەستپێشخەر و یاریدەدەر بووە لە دروستكردنی پێوەندی و واژووكردنی ڕێككەوتننامە لە نێوان باشترین زانكۆكانی پۆڵەندا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە 16 ڕێككەوتننامە واژوو كراون لە نێوان زانكۆكانی هەردوولا، دەیان قوتابی سەركەوتووانە بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان بەدەست هێناوە، نزیكەی 100 قوتابیش بەردەوامن لە خوێندن لەو وڵاتە.
هەروەها بەهەوڵ و پشتگیری نوێنەرایەتی بەشی كوردۆلۆجی لە زانكۆی كراكۆڤ دەستی بەكار كرد، ساڵانە بەشدار بووین لە كۆنفرانسی یاسایی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی پۆڵەندا و بابەتمان پێشكەش كردووە لەسەر كۆمەڵكوژی و ئەنفال، مافەكانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان، بە یارمەتی نوێنەرایەتی هەرێم كۆمەڵێك پەرتووك و بابەت بڵاو كراونەتەوە لەبارەی كورد و كوردستان.

ژمارەیەكی زۆر ئاوارە لە كوردستاندا هەن، ئێوە لەو وڵاتەوە هیچ هاوكارییەكتان بۆیان كۆ كردووەتەوە؟
لە سەرەتای دروستبوونی كێشەی ئاوارەكان و هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی هەوڵێكی زۆری دا بۆ بەدەستهێنانی یارمەتییە مرۆییەكان لەرێی پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و حكوومەتی پۆڵەندا و دەزگە ناحكوومییەكان. لە هەمانكاتدا هەستاین بە چەند هەڵمەتێكی میدیایی و دواتر پلاتفۆرمێكمان دروست كرد كە بووە هۆی پێوەندی لەگەڵ نۆ رێكخراوی ناحكوومی خێرخوازی و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بۆ گەیاندنی زانیاری لەبارەی پێویستییەكانی ئاوارەكان. بەردەوام ڕاپۆرتەكانی JCC و دەزگەكانی تری هەرێممان دەگەیاند بەو لایەنانە. پێوەندیمان دروست كرد بۆ ئەو رێكخراوانە لەگەڵ دەزگە و ڕێكخراوەكان لە كوردستان و لە پێش هەموویان لەگەڵ دەزگەی خێرخوازیی بارزانی. 

لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە سەتان تۆن شیر و خواردنەمەنی و دەرمان و جلوبەرگ و كەلوپەلی تری پێویست لە پۆڵەنداوە بە فڕۆكە و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گەیشتنە كوردستان، چەندان رێكخراویش تا ئێستە بەردەوامن لە كاركردن و یارمەتی هێنان بۆ كوردستان لە بواری پزیشكی و پەروەردە و پێویستییەكانی تر، بە دەسپێشخەری ئێمە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی پۆڵۆنی بەناوی سێرگیۆ دێمێلۆی وەرگرت بۆ ئەو كارە مەزنەی دەیكات بۆ یارمەتی ئاوارەكان كە ئەو خەڵاتە لیژنەیەك دەیبەخشێ و پێكهاتووە لە نوێنەرانی سەرۆكی پۆڵەندا، وەزارەتی دەرەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان، باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بەرازیل و چەند لایەنێكی تر.

دەمەوێ‌ ئاماژە بەوە بدەم كە بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی ئابووری و بازرگانی نوێنەرایەتی هەرێم، چەندان جار شاندی بازرگانان و بەڵێندەران و ژووری بازرگانی كوردستان و دەزگەكانی پێوەندی بانگهێشت كرد بۆ پۆڵەندا و كۆبوونەوەی بۆ رێكخستن لەگەڵ لایەنی پۆڵۆنی. بەپێچەوانەیش سەردانی پۆڵۆنییەكانی بۆ كوردستان ڕێكخست بۆ بەشداریكردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر و دروستكردنی پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بازرگان و وەبەرهێنەرانی كوردستان. 

نوێنەرایەتی دوو توێژینەوەی یاسایی ئامادە كرد و پێشكەشی پەرلەمانی پۆڵەندای كرد لەگەڵ داواكاری ناساندنی ئەنفال و كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزیدی بە جینۆساید. 

كورد زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەر چالاك بووە لە پۆڵەندا، ئەویش بەهۆی هاتنی دەستەیەك لە قوتابیانی كوردپەروەر لە ساڵانی شەستەكان بۆ خوێندن لەو وڵاتە و دەستیان بە ناساندنی میلەتی كورد و كوردستان كرد بە ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر و دامەزراندنی كۆمەڵەی قوتابیانی كورد و یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز، لەوانە عەلی غەفوور، دكتۆر فەرەیدوون. هەر لەوكاتانە شەهید عەبدولڕەحمان قاسملۆ سەردانی ئەو برادەرانەی دەكرد لە پۆڵەندا و دواتریش پەرتووكەكەی بەناونیشانی كورد و كوردستان بۆ سەر زمانی پۆڵەندی هاتە وەرگێڕان و بڵاو كرایەوە .

بەڵام هەندێك ناڕەزایی لەسەر كارەكانتان هەیە و لەلایەن كوردێكی نیشتەجێی پۆڵەنداوە رەخنەتان ئاراستە كرا؟

بەڵێ ئەو كەسە ماوەیەك بوو خەریكی گواستنەوەی خەڵك بوو بۆ ئەوروپا لە رێی پۆڵەنداوە، گوایە بۆ چارەسەری پزیشكی یان بۆ خوێندن بوو، بەڵام مەبەست وەرگرتنی ڤیزا و شتی تر بوو، دواتر بازرگانییەكەی فراوان كرد بەناوی چالاكی ڕۆشنبیری و هونەری بە جۆرێك كە لەگەڵ چەند كەسێكی هونەرمەند بۆ چەند كەسێكی تر ڤیزا وەربگرێ كە هیچ پێوەندییان بە هونەر و ڕۆشنبیری نییە، ویستی بەناوی دەزگەی حكوومەتی هەرێم پێوەندی لەگەڵ دەزگە حكومییەكانی پۆڵەندا بكات و داوای ئاڵوگۆڕی شاندی فەرمی بكات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بە نایاسایی لۆگۆی حكوومەتی هەرێم بەكار بێنێ، لایەنی پۆڵۆنی بە فەرمی پرسیاریان لێ كردین و ئێمەیش ڕاستییەكەمان پێیان گوت و ئاگاداری لایەنی پێوەندارمان كرد لە حكوومەتی هەرێم، ئەویش بەناوی ساختە لە میدیا كۆمەڵایەتییەكان یان بە ناوی ڕاستی خۆی هێرش دەكات و دەڵێ، 10 ساڵە لە پۆڵەندایە و هیچ چالاكییەكی نوێنەرایەتی نەدیوە، لەو كاتەی كە هەر خۆی لە فەیسبووكەكەی كۆمەڵێك پۆست و دەیان وێنەی داناوە كە بەشدارە لە چالاكییەكانی نوێنەرایەتی. 

لە داهاتوویەكی نزیكدا مەسروور بارزانی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێ، ئەمە هەنگاوێك دەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی دیپلۆماسی؟
بێگومان رەوشی دیپلۆماسی دەچێتە پێشەوە و ئەو چالاكییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوو كردوویەتی لە وڵاتان، بوونەتە هۆی ئەوەی وڵاتان بڕوا بێنن كە بەبێ هەرێمی كوردستان ئاسایش لە ناوچەكە سەقامگیر نابێ و رۆڵی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕ بەرز دەنرخێنن و هەموو وڵاتان لەوە تێگەیشتوون، بەهۆی ئەوەی بەردەوام پێوەندیم لەگەڵ سیاسەتوانان هەیە، دەبینین ئەوان زۆر بایەخ بە كوردستان دەدەن و دەیانەوێ پێوەندییەكانیان بەردەوام بێ و بەهێزتر بێ، كورد دۆستی لە پۆڵەندا زۆرە چونكە مێژوومان زۆر بەیەك دەچێ، ئەوان سەربەخۆییان بەدەست هێنا، ئێمەیش لە رێداین و نزیك دەبینەوە.

پڕۆفایل:

زیاد رەئووف لە ساڵی 1956 لە هەولێر لە دایك بووە، لە سەردەمی گەنجێتی چووەتە ناو ڕێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانی لاوان و قوتابیان.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، ناچار بووە لە ساڵی 1977 نیشتمان جێ بێـڵـێـت بەرەو توركیا. لە ساڵانی 1978 – 1985 لە زانكۆی دۆستایەتی گەلان "پاتریس لۆمۆمبا  Patrice Lubumba” لە شاری مۆسكۆ لە كۆلیژی یاسا خوێندوویەتی و بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە.

 لەو ماوەیەدا چالاكی هەبووە لە بزووتنەوەكانی قوتابیانی كوردی دەرەوەی وڵات و ئەندامێكی كارا بووە لە ڕێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكارانی كورد لە یەكێتی سۆڤیەت و ئەوروپا.

 لە ساڵی 1986 چووەتە پۆڵەندا و لە زانكۆی یاگـێـلۆنـیـان بەشی یاسا و كارگێڕی خوێندنی دكتۆرای دەست پێ كردووە.
لە ساڵی 1990 كاری وەبەرهێنانی دەست پێ كردووە لە بواری گەشت و لە كۆشك و تەلارە دێرین و كۆنانەی كە پێشتر كڕیوونیەتەوە و ئاوەدانی كردوونەتەوە.

ئەندامێك بووە لە دەستەی سەرۆكایەتی كۆمەڵەكەی سەنتەری كولتووریی زانكۆی كراكۆڤ (ڕۆتوندا) وەك یەكێك لە دەستەی كارگێڕی، زۆر چالاكانە بەشداری كردووە لە بەڕێوەبردنی دەزگەكە كە گەورەترین بۆنە و فێستیڤاڵی كولتووری ڕێكخستووە لە شاری كڕاكۆڤ، لەوانە: لێ ڕوانینەوەی كابارێتی پـاكـا Paka، فێستیڤاڵی  Jazz Juniors، فێستیڤاڵی سترانی قوتابیان، فێستیڤاڵی فیلمی Etiuda & Anima و زۆری تریش. ئـەوكات و ئـێـسـتەش بەردەوام سپۆنسەری ئەو فێستیڤاڵانە دەكات.

  لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ عەلی غەفوور و چەند كورد و پۆڵۆنییەك دامەزرێنەری كۆمەڵەی دۆستایەتی پۆڵۆنی- كوردی بووە كە ئێستە بەناوی (سەنتەری كوردی بۆ ڕاگەیاندن و زانیاری) لە شاری كڕاكۆڤ، كولتوور و مێژووی كورد بە خـەڵكی پۆڵۆنیا دەناسێنێت.
 بە هاوكاری زانكۆی یاگێلۆنیان، مۆزەخانەی نیشتمانی، كۆمەڵەی  Willa Decjusza، ئەكادیمیای موزیكی و دەزگەی بڵاوكردنەوەی ZNAK و چەند دەزگەیەكی پۆڵۆنی تر، دەیان چالاكی ڕۆشنبیری و كولتووری و كۆنفڕانسی ڕێكخستووە كە تیایاندا زانا و كەسایەتی دیار و سیاسەتوان و هونەرمەند و كولتوورناسان لە كوردستانەوە و لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشدارییان تێدا كردووە.
لە ساڵی 2004وە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە پۆڵۆنیا .

خاوەنی ئەو خەڵاتانەی خوارەوەیە:

نازناوی پارێزەری كولتووری كڕاكۆڤ (ساڵی 2002). 

مەدالیای "Honoris Gratia '' كە لەلایەن سەرۆكی شاری كڕاكۆڤ پێی بەخشراوە (ساڵی 2011) لە پێناو ئەو خزمەتانەی كه پێشكەشی شاری كڕاكۆڤی كردووە، بەتایبەتی گەشەپێدانی كولتووری.

مەدالیای 100 ساڵەی سەندیكای هونەرمەندانی هونەرە جوانەكانی پۆڵۆنیا بۆ خزمەتی بۆ هونەر  لە ساڵی 2011.

مەدالیای دەساڵاتی خۆجێیی هەرێمی ماڵاپۆڵسكا بۆ خزمەتی تایبەت بە گەشەپێدانی ئەو هەرێمە لە ساڵی 2012
ناسناوی باڵوێزی نەخۆشخانەی منداڵانی شاری كراكۆڤ ( ساڵی 2013 ) 
مەدالیای "Viva L'art'' سەندیكای هونەرمەندان لقی كڕاكۆڤ (ساڵی 2014).

مەدالیای ساڵوەگەڕی 140 ساڵی نەخۆشخانەی منداڵان لە كراكۆڤ (ساڵی 2016).

مەدالیای زێڕینی سەرۆكایەتی هەرێمی ماڵاپۆلسكا لەپێناو كار و چالاكییەكانی بۆ پەرەپێدانی پێوەندی و دۆستایەتی هەرێمی ماڵاپۆلسكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان ( ساڵی 2017 ).



وشە - سه‌رخێڵ هاشم