تۆلیستۆی له ڕۆمانی "ئانا كارنینا" نووسیویه‌تی: خێزانه ئاسووده‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌كن، به‌ڵام خێزانه پڕكێشه‌كان له یه‌ك ناچن، هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌ی خۆی نه‌گبه‌ته.
ئه‌مه‌ی تۆلیستۆی نووسیویه‌تی، پێچه‌وانه‌ی گوته‌یه‌كی پێشتری خۆیه‌تی كه سه‌ره‌تاكانی ڕۆماننووسینیدا نووسیبووی: ئاسووده‌یی ڕاستی له ژیانی خێزانی دروست ده‌بێ. به‌ڵام ئایا تۆلیستۆی نه‌گبه‌ت بوو به ڕێی خۆی، وه‌ك چۆن ده‌ڵێ: خێزانه پڕكێشه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان به ڕێی خۆی نه‌گبه‌ته؟ یان به پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته، نه‌گبه‌ته‌كان هه‌موویان له یه‌ك ده‌چن، ئه‌ی ئه‌وه نییه خاڵی هاوبه‌شی زۆربه‌ی داهێنه‌ره‌كان، نه‌گبه‌تی بووه له ژیانی هاوسه‌رگیریدا! ئه‌م ژیانه ئاڵۆزه‌ی باری خێزانییان، ئایا كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان كردووه، به تایبه‌تی به‌رهه‌مه نه‌مره‌كانیان؟
ساڵی 1862، لیۆ تۆلیستۆی، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سۆفیا ئه‌ندریۆنا پێرس ده‌كات، ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ی دواتر له‌ناو ئه‌دیباندا به نه‌گبه‌ترین هاوسه‌رگیری پێناسه ده‌كرا. سۆفیا ده‌ڵێ، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئاسووده‌یی مرۆڤایه‌تی تۆلیستۆی نووسیونی، ته‌نیا توانیویانه هێنده‌ی تر ژیان ئاڵۆز بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك ئه‌سته‌مه بتوانی له‌گه‌ڵیدا بژیت.
سۆفیا، 16 ساڵ له تۆلیستۆی بچووكتر بوو، له ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یاندا 13 منداڵیان بوو، پێنج منداڵیان هه‌ر به كۆرپه‌یی مردن. تۆلستۆی له سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌ریدا پێی وابوو، ئاسووده‌یی هه‌میشه‌یی له ڕێی خێزانێكی سه‌قامگیره‌وه دروست ده‌بێ، ئه‌مه‌ش مانای وایه سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان وه‌ك كۆتاییه‌كه‌ی نه‌گبه‌تی نه‌بووه.
تۆلیستۆی به‌وه ناسراو بووه، كه‌سێكی ئایدیالیست بووه و وه‌ك قه‌شه ژیاوه، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و چاكه گوتاری داوه، به‌ڵام خۆی قوربانیی ده‌ستی هاوسه‌رێكی زۆردار و هه‌ڵه‌شه بووه، هه‌رگیز له ئامانج و كاره‌كانی حاڵی نه‌بووه، هه‌ڵسوكه‌وته هه‌ڵه‌شه و هیستیرییه‌كانی ژنه‌كه‌ی، ناچاری كردووه له ساڵی 1910 ماڵ به‌جێ بهێڵێ و به هیوایه‌ی ئیتر ژیانێكی تر به‌ڕێ بكات و ده‌ڕواته كه‌پرێكی پاسه‌وانیی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك له ژیانی ئارامیدا به‌بێ هاتوهاواری ژنه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات و كۆچی دوایی ده‌كات. له‌و كاته‌شدا چوارده‌وری هه‌مووی ڕۆژنامه‌نووس بوون و ده‌بینن یه‌كێك له گه‌وره‌ترین نووسه‌رانی مێژووی ئه‌ده‌ب له دنیادا، وا به‌و شێوه كاره‌ساته له به‌رده‌میان ده‌مرێ و ئه‌وانیش تا پێیان بكرێ، ژنه‌كه‌ی وه‌ك دڵڕه‌قێكی نه‌مر تۆمار ده‌كه‌ن.
ساڵی 1981، ئانا ئیدواردز كتێبێكی له‌سه‌ر ژیانی سۆفیای هاوسه‌ری تۆلیستۆی نووسی كه پشتی به یاداشته‌كانی به‌ستبوو، له‌وێدا ڕوویه‌كی تری ئه‌و هاوسه‌رگیرییه پیشان ده‌دات، جیا له‌و ڕووه‌ی پێشتر ئاشنای خه‌ڵك بوو. تێیدا پیاوێكی دڵڕه‌قی توندی ناقایل، بێ حه‌وسه‌ڵه، بێ بایه‌خ به‌رانبه‌ر خێزانه‌كه‌ی و ڕه‌خنه‌گر به‌رانبه‌ر هه‌موو ورده‌كارییه‌ك پیشان ده‌دات كه تۆلیستۆیه و ژنه‌كه‌ی ناچار كردووه هه‌ر 13 منداڵه‌كه‌ی خۆی شیریان بداتێ، تا ئه‌و كاته‌ی بێزار ده‌بێ.
ئیدواردز دوای 71 ساڵ له مردنی تۆلستۆی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌سه‌ر ژنه دڵڕه‌قه‌كه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه، وه‌ك پارێزه‌رێكی سۆفیا كتێبه‌كه‌ی نووسیوه و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی مێژوو پێی بڕیوه، چاكی بكاته‌وه. جگه له یاداشته‌كانی سۆفیا، هه‌ندێ نموونه‌ی نووسینی تۆلیستۆی وه‌ك به‌ڵگه هێناوه‌ته‌وه بۆ نموونه ده‌ڵێ: "سۆفیا دایكێكی نموونه‌ییه و ژنێكی وه‌فاداره" و نووسه‌ری كتێبه‌كه هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ: سۆفیا، هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی تۆلستۆی به ده‌ستی خۆی نووسیوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ڕۆمانی "جه‌نگ و ئاشتی" كه حه‌وت جار نووسراوه‌ته‌وه و یه‌كێك له جاره‌كاندا سۆفیا تووسی تایه‌كی به‌رز ده‌بێ و نه‌خۆشی زۆری بۆ ده‌هێنێ، به‌ڵام ئه‌م له خه‌می ئه‌وه‌دا بووه، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی ئه‌م ڕێگر بێت له به‌رده‌م نووسینی مێرده‌كه‌یدا. ئه‌مه‌ش وه‌ك نموونه‌یه‌كه نووسه‌ر هێناویه‌ته‌وه، تۆ بڵێی كه‌سێكی ئاوا دڵسۆز، شایه‌نی ئه‌و هه‌موو سه‌ركۆنه‌یه بێت؟
سۆفیا له‌و كاتانه‌ی سه‌رقاڵی منداڵه‌كانی نه‌بووه، سكرتێری تایبه‌تی مێرده‌كه‌ی بووه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی كردووه و تۆلیستۆی له ژووره‌كه‌ی خۆیدا ته‌نیا خه‌ریكی نووسین بووه و ئه‌ویش له‌سه‌ری بووه منداڵه‌كانی بێده‌نگ بكات بۆ ئه‌وه‌ی باوكیان له كاتی نووسیندا سه‌ری لێ نه‌شێوێ.
هه‌ردوو چیرۆكه‌كه ڕاستییان تێدایه. دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردی نێوان چیرۆكه‌كان به شیكاریكردنی به‌ڵگه و یاداشته‌كانی تۆلیستۆی و سۆفیا، ده‌رده‌كه‌وێ سه‌ره‌تایه‌ی ئاسووده‌یان هه‌بووه و دواتر ورده ورده پێوه‌ندییه‌كه‌یان بووه به كینه و چاره‌ی یه‌كیان نه‌ویستووه.
تۆلستۆی ئه‌و ئه‌دیبه مه‌زنه، سۆفیا له یاداشته‌كانیدا به كه‌سێكی سارد و بێ هه‌ست ناوی ده‌بات. له‌و كاتانه‌ی نه‌خۆش بووه و له‌سه‌ر جێ كه‌وتووه، هه‌رگیز ئاماده نه‌بووه بۆ ساتێك له ته‌نیشتی بێت و دڵی بداته‌وه. به چاوێكی خۆبه‌زلزان سه‌یری خه‌ڵكی كردووه. هاوسه‌رگیری نێوانیان وه‌ك جه‌نگێكی هه‌میشه‌یی بێ ئاشتی بووه و ژنه‌كه‌ی شێت كردووه، ئه‌ویش مێرده‌كه‌ی ناچار كردووه ماڵ به‌جێ بێڵێ.
كورته‌یه‌ك له ژیانی تۆلستۆی
لیۆنكۆی لایویچ تۆڵستۆی له نۆی سێپتێمبه‌ری ساڵی 1828 له گوندی یاسنا یاپا لیناغ له شاری تولا له‌دایك بووه. شاره‌زای زمانه‌كانی ئینگلیزی، فڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی و ئیتاڵی بوو. له منداڵییه‌وه دایك و باوكی مردوون و خزمێكی باوكی به‌خوێوی ده‌كات. له سالی 1844 له زانكۆی غازان خوێندوویه‌تی و له ساڵی 1847 وازی لێ هێنا و گه‌ڕایه‌وه شوێنی له‌دایكبوونه‌كه‌ی و زۆربه‌ی كاته‌كانی ته‌رخانی خوێندنه‌وه كردووه. له ساڵی 1852 له‌سه‌ر داخوازیی خۆی چووه بۆ قه‌فقاز و له شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌شداریی كردووه.
تۆڵستۆی چیرۆكه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی، سه‌رده‌می لاوێتی و هه‌ێندێك له چیرۆكه‌كانی تریشی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی شه‌ڕی قه‌فقاز نووسیوه.
له كۆتایی ساڵی ١٨٥٦ وازی له خزمه‌تی سوپا هێنا و دوای دوو مانگ چوو بۆ وڵاتانی فڕه‌نسا، سویسرا و ئیتاڵیا. له ساڵی ١٨٥٩ له شوێنی له‌دایكبوونه‌كه‌ی خوێندنگه‌یه‌كی بۆ فێركردن دامه‌زراند. له ساڵی ١٨٦٩ دیسانه‌وه هاوڕێ له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی به‌ره‌و ناوه‌ندی ئه‌وروپا چوو. له‌و سه‌فه‌ره‌دا زیاتر خۆی به بارودۆخی فێركردن خه‌ریك كرد. له سێپتێمبه‌ری ١٨٦٣ دا له‌گه‌ڵ "سۆفیا ئه‌نده‌ریونا" هاوسه‌رگیری كرد. له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا ده‌ستی دایه نووسینی گه‌وره‌ترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی خۆی. به‌ناوی "شه‌ڕ و ئاشتی" له سێپتێمبه‌ری١٨٨١ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی چوو بۆ مۆسكۆ خه‌ریكی فێركردن و راهێنانی لاوان بوو. له دواین ساڵه‌كانی ژیانیدا به هه‌وڵێكی ماندوونه‌ناسنه كاری ده‌كرد و سه‌ره‌ڕای ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی كه له ساڵی ١٩٠١ تووشی بووبوو، هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له حه‌وتی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ١٩١٠ماڵئاوایی له ژیان كرد.