له دواى گوشتارگه‌كه‌ى نیوزیله‌ندا گه‌لێك وێنه و هه‌ڵوێست بۆ هاوخه‌مى مسوڵمانان هه‌بوو كه دنیاى سه‌رسام كرد، به‌ڵام له هه‌موویان كاریگه‌رتر وێنه‌ى ئه‌و كچه پۆلیسه‌یه كه سه‌رپۆشێكى پۆشیوه و گوڵێكى سوورى له یه‌خه‌ى داوه.
رۆژى 15ى ئه‌م مانگه كه رێكه‌وتى رۆژى هه‌ینى بوو، توندڕه‌وێكى ره‌گه‌زپه‌ست هێرشى كرده سه‌ر مزگه‌وتێكى شارى كرایست چێرچى نیوزیله‌ندا و 50 كه‌سى كوشت و به ده‌یان كه‌سى تریشى بریندار كرد. ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى ئه‌م وڵاته به په‌له كه‌وتنه خۆ به‌ر له هه‌موو شتێك تاوانباره‌كه‌یان گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنج بوو له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى حكوومه‌تى نیوزیله‌ندا كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستى نواند بۆ ده‌رخستنى هاوسۆزى خۆی بۆ مسوڵمانانى وڵاته‌كه‌ى.
له‌وانه جاسیندا ئه‌ردێرنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌م وڵاته حیجابى پۆشى و سه‌ردانى موسڵمانانى كرد، دواتر په‌رله‌مان دانیشتنێكى خۆى به خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند ئایه‌تێك له قورئان ده‌ست پێ كرد، زۆر له دانیشتووانى وڵاته‌كه ئه‌وانه‌ى جوو و مه‌سیحین به دروشم و رێوڕه‌سمى جیاجیا هاوخه‌مى و هاوسۆزى خۆیان نیشان دا.
له‌هه‌مووی كاریگه‌رتر ئه‌و وێنه‌یه بوو كه تێیدا پۆلیسێكى نیوزیله‌ندى به‌سه‌رپۆشێكه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و گوڵێكى سووریشى له یه‌خه‌ی داوه. ئه‌م وێنه‌یه به خێرایى له‌سه‌ر ئاستى دنیا بڵاو كرایه‌وه و به‌شێوه‌یه‌ك دواى چه‌ند سه‌عاتێك بوو به یه‌كێك له وێنه پڕبینراوه‌كانى دنیا.
چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى به‌ناوبانگى دنیا به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و ژنه كردووه و چیرۆكى ئه‌و ژنه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌و رۆژنامانه ده‌یلى مایلى به‌ریتانییه.
رۆژنامه‌ى
ده‌یلى مایل ده‌ڵێ، ئه‌و ژنه پۆلیسه ناوى میشال ئیفانزه و ته‌مه‌نى 24 ساڵه. وه‌ك له وێنه به‌ناوبانگه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رپۆشێكى ره‌شى پۆشیوه و چه‌ك به‌ده‌ست راوه‌ستاوه و گوڵێكى سوور له یه‌خه‌ى خۆى داوه. ئه‌و كاته‌ى وێنه‌كه‌ى گیراوه ئیڤانز له نزیك گۆڕستانێك وه‌ستاوه كه قوربانیانى كوشتارگه‌كه‌ى كرایست چێرچى تێدا ده‌نێژرێت.
رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه ده‌ڵێ وێنه‌كه له‌لایه‌ن وێنه‌گرێكى ئاژانسى ئاسۆشێتید پرێس گیراوه، به‌ناوى ڤێنست یۆ.
ده‌یلى مایل ده‌ڵێ "زۆر كه‌س پێیان وایه وێنه‌كه‌ى ئیڤانزى ته‌مه‌ن 24 ساڵ ته‌واو ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ستى زۆر له نیوزیله‌ندییه‌كانه كه له به‌رانبه‌ر مسوڵمانه‌كان هه‌یانه".
له دیمانه‌یه‌كى كورتدا له‌گه‌ڵ "
Whanganui Chronicle" ئیڤانز باس له‌وه ده‌كات له ساڵى 2016 له شارى وانگانوى بووه‌ته پۆلیس، ئامانجى سه‌ره‌كیشى له‌و كاره ئه‌وه‌یه خزمه‌تى شارۆكه‌كه‌ى بكات كه زۆرى خۆش ده‌وێ، هه‌ر له‌وێیش له گه‌وره بووه. ئه‌و ده‌ڵێ "من ده‌مه‌وێ كاره‌كه‌م لێره بێت، من شارۆكه‌ى وانگانوێم خۆش ده‌وێ، شارێكى بچووك و جوانه، هه‌ر ده‌مه‌وێ لێره‌یش بژیم".
هه‌رچه‌نده ئه‌و كاره‌كه‌ى خۆى خۆش ده‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ددان به‌وه ده‌نێت، پۆلیس هه‌میشه له‌ژێر فشاردایه، شه‌ش مانگ به‌ر له كوشتاره‌كه‌ى كرایست چێرچ ئیڤانز په‌یامێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێ "دیارده‌یه‌كى ئاسایى نییه ئه‌و هه‌موو گوشاره له رووى سۆزداریى و جه‌سته‌یى و عه‌قڵییه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى پۆلیس".
كاتێك ئیڤانز بوو به پۆلیس به‌ر له هه‌موو شتێك سه‌رنجى به‌لاى ئه‌وه بوو گه‌نجان وا لێ بكات له ریزى پێشه‌وه بن بۆ خزمه‌تكردنى كۆمه‌ڵگاكه‌یان. خۆیشى هه‌موو رۆژێك راهێنان ده‌كات و له باره‌ى ته‌ندروستى و ده‌روونییه‌وه كتێب ده‌خوێنێته‌وه. له‌و ده‌چێ ئه‌م ژنه كاریگه‌ریى به‌سه‌ر هاوڕێكانیشى هه‌بووبێت، بۆیه كاتێك كاروانى ته‌رمى قوربانییه‌كانى به‌لاى ئیڤانز و هاوڕێیه‌كه‌ى تێده‌په‌ڕێت، هاوڕێكه‌ى كڵاوه‌كه‌ى داده‌گرێت و سه‌رى رێز ده‌نوێنێ.
وێنه‌گره‌كه له‌باره‌ى ئه‌م وێنه‌یه‌وه گوتوویه‌تى "من پێشتر وێنه‌ى زۆر پۆلیسى ژنم گرتووه، به‌ڵام به‌مشێوه‌یه پۆلیسى به سه‌رپۆش و گوڵى سوورم نه‌بینیبوو، بۆیه كاتێك ئه‌وانى تر به رێوڕه‌سمى ناشتنى مردووه‌كان و كه‌سوكارییانه‌وه خه‌ریك بوون، كه سه‌رنجى له‌لاى پۆلیسه‌كه نه‌بوو".
وێڕاى ئه‌وه‌ى نیوزیله‌ندییه‌كان هه‌ر كه‌سه له ئاستى خۆى هاوسۆزى بۆ قوربانیانى رووداوه‌كه ده‌ربڕیوه، كه‌چى به پێى چاودێرانى سیاسى ناكرێت نكۆڵى له رۆڵى جاسیندا ئه‌ردێرنى سه‌رۆك وه‌زیران بكرێت، چونكه وه‌ك چاودێران ده‌ڵێ "جاسیندا له رۆژانى مه‌ینه‌تى سیماى مرۆییانه‌ى ده‌سه‌ڵاته".
رۆژى 15ى ئادار له شارى كارایست چێرچ هێرش كرایه مسوڵمانان، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به‌ناوى برینتۆت تارانته و ته‌مه‌نى 28 ساڵه، وه‌ك هاوسۆزییه‌ك بۆ ره‌گه‌زى سپیپێسته‌كان ئه‌م تاوانه‌ى ئه‌نجام داوه كه 50 كه‌س تێیدا بوونه قوربانى.