پۆلیسی دهۆک بە دوای سۆراغی ئەم ئافرەتە نیپاڵییەوەیە

:: PM:04:52:02/01/2017 ‌
ماوەی چەند رۆژێکە، ئافرەتێکی نیپاڵی لە پارێزگای دهۆک بێسەروشوێن بووە و لە ئێستەشدا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەگەر لەبارەیەوە زانیارییان هەیە، پێوەندییان پێوە بکەن.

لەوبارەیەوە، رائید هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دهۆک، بە "وشە"ی راگەیاند، سابیری بیشو کارما ناوی ئافرەتەکەیە، لە وڵاتی نیپاڵەوە هاتووە و پێشتر لە دهۆک کاری کردووە، چەند رۆژێکە بێسەروشوێنە، ئێمە وەک پۆلیسی دهۆک بە دوایدا دەگەڕێین و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەگەر زانیارییان لەسەری هەیە، ئەوا پۆلیس ئاگەدار بکەوە.

رائید هێمن گوتی، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دهۆک، دەستمان کردووە بە بەدواداچوون و سۆراغکردنی ئەو ئافرەتە و ناو و وێنەیمان بڵاو کردووەتەوە، بە مەبەستی ئەوەی زانیاریی لەبارەوە بدەین بە خانەوادەکەی.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، هەستان بە هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و خزمەتکاری ماڵان لە وڵاتانی جیاجیای دنیاوە بۆ هەرێمی کوردستان، نیپاڵیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کرێکار و خزمەتکاریان لێوە هێنراوە.

دهۆک/نەوزاد هلۆری


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی