گرووپێكی دزی نەوت لە عێراق گیران

:: PM:04:42:23/03/2019 ‌
وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دیوانیە، كەسێكیان گرتووە كە ئەندامی گرووپێكی تایبەتمەندە بە دزینی نەوت لە بۆڕی لە نێوان بەغدا تا بەسڕە. پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆش دەڵێ، ئەو گرووپە لە تەواوی ئەو رێیە بۆڕی نەوتی كون كردووە و ترۆمپای گەورەی لەسەر داناوە.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار/ مارس، پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دیوانیە توانیویانە یەكێك لە ئەندامانی گرووپێكی تایبەتمەند بە دزینی نەوت لە بۆڕی نەوتی نێوان بەغدا و بەسڕە بگرن.

لە بەیاننامەكەی پشكێنەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە كراوە كە بەپێی زانیارییەكانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دیوانیە توانراوە ئەو كەسە بگرن كە ئەندامی گرووپێكی تایبەتمەندە بە دزینی نەوت لە رێی كونكردنی بۆڕییە نەوتی و دانانی ترۆمپا لەسەری و گواستنەوەی بە بۆڕی بچووكتر بۆ شوێنی دوورتر و باركردنی بۆ ناو تانكەری نەوت. ئەوەش خراوەتەڕوو كە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان پشكێنەری گشتی لە وەزارەت و پۆلیسی دیوانیە پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە و گرتنی هەموو ئەوانەی ئەندامی ئەو گرووپەن كە كاریان دزینی نەوت بووە.

"تیمێكی هاوبەشی هەردوولا بۆسەیان بۆ ئەو گرووپە داناوەتەوە و بەهۆیەوە توانیویانە یەكێك لە ئەندامانی گرووپەكە بگرن لەو كاتەی دەیویست نەوتە دزراوەكە بخاتە ناو تانكەرێكی تایبەت بە دزینی نەوت، دواتر خێوەتێك لە نزیك بۆڕییە نەوتییەكەش ئاشكرا بوو كە گرووپە نەوت دزەكە وەك ماڵ بۆ مانەوە تێیدا بەكاریان هێناوە و تێیدا سەرپەرشتی دزینی نەوتەكەیان كردووە". لە بەیاننامەكەدا پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەو كەسەی گیراوە ددانی بە هەموو شتێك ناوە و كەسەكەش رادەستی لایەنی پێوەندار كراوە بۆ تەواوكردنی لێپرسینەوە و رێكارە یاساییەكان، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا لێكۆڵینەوەكە بەردەوامی هەیە تا ددان بە ئەندامانی تری ناو گرووپەكە بهێنێت.

پشكێنەری گشتی دەڵێ، بۆ ئەمە پێوەندییان كردووە بە لایەنی پێوەندار لە وەزارەتی نەوت تا پشكنین بۆ تەواوی بۆڕییەكە بكات لە بەسڕەوە تا بەغدا، بۆ ئەمەش تیمێكی ئەندازیاری تایبەتمەند پێكهێنراوە بۆ هەڵگرتنی تەواوی ئەو سەرپێچییانەی كراوەتە سەر بۆڕی نەوتی.



وشە - فه‌رمان سادق