داعش لە دەركەوتنەوە تا لە ناوچوون

:: PM:06:22:23/03/2019 ‌
دواجار خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كە دەستی بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوان گرتبوو، شكستی هێنا و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە دوا مۆڵگەی داعش لە باغووز ئاهەنگی سەركەوتنیان ساز كرد.

داعش كە بە دەوڵەتی خەلافەت ناسرا بوو، سنوورێكی بەرفراوانی هەبوو، یەك لەسەر سێی خاكی عێراق و خاكی سووریای گرتبوو، ئەمەی خوارەوە بە ساڵ دەركەوتن و سەرهەڵدانی داعش تا شكست ئاماژە پێ دەدەین.

ساڵی 2004 تا 2011
دوای جەنگی رزگاركردنی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس لە 2003، كۆمەڵێك گرووپی تیرۆریستی لە عێراق سەریان هەڵدا كە دواجار سەری كێشا بە لە دایكبوونی داعش.

جەنگی رزگاری عێراق كە ئەمەریكا سەركردایەتی كرد، لە 2004 گرووپێكی تیرۆریستی لە عێراق خۆی راگەیاند بەناوی تەنزیمی قاعیدە و خۆی لە گرووپی تیرۆریستی قاعیدەی سەرەكی جیا كردەوە. لە 2006، ئەو گرووپە ناوەكەی گۆڕی بۆ تەنزیمی دەوڵەت لە عێراق.

لە ساڵی 2011 دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سووریا، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی تەنزیمی دەوڵەت لە عێراق گرووپێكی رەوانەی سووریا كرد بۆ دامەزراندی گرووپێكی سەر بە تەنزیمەكەی، لە 2013 بەغدادی كۆتایی تەواوەتی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ قاعیدە هێنا و ناوی گرووپەكەی دیسان گۆڕی.

2013 تا شكستی داعش لە 2019
دوای راگەیاندنی داعش، گرووپێكی تری سەر بە قاعیدە لە لیبیا بەیعەتیان بە داعش دا دوای ئەوەی چەند دیلێكی مەسیحییان سەر بڕی، ئەمەش سەرەتای بەیعەتدان بوو لەلایەن گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەكان لە وڵاتانی تر كە وردە وردە گرووپی تریش لە وڵاتان بەیعەتیان بە داعش دا، بەڵام گرووپەكەی لیبیا هەر سەربەخۆیانە چالاكی ئەنجام دەدا.

لە ناوەڕاستی 2014 داعش دەستی بەسەر شارۆكەی فەلوجە لە سنووری پارێزگای ئەنبار گرت، لە سووریاش دەستی بەسەر رەقە گرت، پاشان مووسڵ و تكریت لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ، بەمەش سنووری لەنێوان عێراق و سووریا نەهێشت.

دوای گرتنی مووسڵ، ئەبوبەكر بەغدادی لە مزگەوتی نوڕ لە مووسڵ دەوڵەتی خەلافەتی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی تەنزیمی داعش راگەیاند، لە سووریاش داعش دەستی كرد بە سەربڕینی سەدان كەس لە عەشیرەتی شەعیتات، لە سنجاریش هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی سەربڕی و زیاتر لە حەوت هەزار ئێزیدی تری بە بارمتە گرتن و دەستی كرد بە سەربڕینی سەدان هاووڵاتی تر.

لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ، ئەمەریكا هاوپەیمانی دژ بە داعشی راگەیاند و دەستی كرد بە وەشاندنی گورزی سەربازی لە رێگەی فڕۆكەی جەنگی و پشتگیری لە هێزی پێشمەرگە لە كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان كرد بە تایبەت لە جەنگی داستانی كۆبانێ كە داعش تێكشكا.

لە مانگی حوزەیرانی 2014، داعش توانی لە ماوەیەكی زۆر كورت دەست بەسەر مووسڵ گرێت و بپەڕێتەوە عێراق، دواتر لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵ دەستی بەسەر شاری رومای گرت، ئیدی ساڵی 2014 دەتوانین بە ساڵی بەرفراوانبوونی داعش ناوزەد بگرێت دوای ئەوەی دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی عێراق گرت، بەڵام لە كۆتایی ساڵەكە بووە سەرەتای شكستی داعش كاتێك پێشمەرگەی كوردستان بەرەو رووی داعش وەستایەوە پاش هێرشی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بۆ سەر شنگال و مەخموور، لە ماوەیەكی كەمدا توانرا ناوچە كوردییەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سنووری مووسڵ رزگار بكرێن.

داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر رۆژنامەی شارلی ئیبیدۆی تەنز ئامێز و ماركێتێكی فرۆشتنی خواردنی حەڵاڵی یەهودی، ئەمەش دەست پێكی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بوو لە ئەوروپا و وڵاتانی تری دنیا.

لە ساڵی 2016، سەرەتای شكستی داعش بوو لەسەر دەستی سوپای عێراق كاتێك بە پشتگیری هاوپەیمانان توانرا فەلوجەی باكوری بەغدا لە مانگی تەمووزی 2016 رزگار بكرێت.

لە مانگی ئابی هەمان ساڵ، یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سووریا، توانیان منبەج لە دەستی داعش رزگار بكەن، بەڵام پێشڕەوییەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سنووری نێوان سووریا و توركیا كە داعشی دەستی بەسەردا گرتبوون، توركیای تەواو هەراسان كرد، بەمەش دەسەڵاتدارانی توركیا دوژمنایەتییان بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل راگەیاند و ئەمەش كاریگەری نەرێنی بەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی یەكینەكانی گەل دژ بە داعش لێ كەوتەوە.

لە ساڵی 2017، داعش گەورەترین شكستی چەشت، لە مانگی تەمووزی ئەو ساڵە مووسڵی لە عێراق لە دەستدا كە هێزەكانی سوپای عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمانان ماوەی چەند مانگێك شەڕێكی سەختیان دژ بە داعش ئەنجامدا، دواجار حكوومەتی عێراق كۆتایی هاتنی داعشی لە عێراق راگەیاند.

لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ، سوپای سووریا بە پاڵپشتی رووسیا و ئێران لەلای رۆژهەڵاتەوە بەرەو دێرەزوور هێرشیان دەست پێ كرد، لە مانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵیش، یەكینەكانی پاراستنی گەل رزگاركردنی پارێزگای رەقەی پایتەختی راگەیاندنی داعشیان، راگەیاند.

لە ساڵی 2018 شكستی داعش بەردەوامی هەبوو، سوپای سووریا بە پشتگیری رووسیا و ئێران توانی یەرموكی باشووری دیمەشق كە دەكەوێتە سەر بەرزاییەكانی جۆلان، رزگار بكات، لەلای باكور و رۆژهەڵاتی سووریاش، یەكینەكانی پاراستنی گەل لە پێشڕەوی و رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەردەوام بوون، بەڵام پێش كۆتایی هاتنی ساڵ، تویتێكی ترەمپ هاوكێشەكەی لە سووریا گۆڕی كاتێك كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا راگەیاند، ئەمەش كاریگەری نەرێنی خستەسەر پڕۆسەی رزگاركردنی خاكی ژێر دەسەڵاتی داعش و شكستی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەی دواخست.

لە ساڵی 2019، دوای ئەوەی ترەمپ بە جۆرێك لە جۆرەكان لە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا پەشیمان بووەوە كە بەگوێرەی دوا لێدوانی بێت 400 سەربازی ئەمەریكی دەمێننەوە، یەكینەكانی پاراستنی گەل توانی شكست بە داعش بهێنێت لە دوا مۆڵگەی لە شارەدێی باغووزی سەر سنووری عێراق.



وشە - فه‌رمان سادق